حکوومەتی هەرێم گرینگی بە ناوچە کوردستانییەکان دەدات
پەیامی کورد ... حکوومەتی هەرێم گرینگی بە ناوچە کوردستانییەکان دەدات
بەڕێوبەری کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان گرینگی بە ناوچە کوردستانییەکانیش دەدات، ئێستا پۆندێک لە مەخمور درووست دەکرێت بۆ ئەوەی سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگرن و ئاوی ژێرزەوی بپارێزن.
هێمن سەید موراد، بەڕێوبەری کشتوکاڵی هەولێر، ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی گرینگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی ئاو، بە ئامانجی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و سوود وەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی، لە هەموو ناوچەکان پۆند درووست دەکرێت، ئێستا لە مەخمووریش پۆندێک درووست دەکرێت، لە سەرگەڕانیش درووست کراوە، ڕاستە مەخموور دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠، بەڵام لەڕووی ئیداری دەکەوێتە پارێزگای هەولێر، ساڵانەش باران لە مەخموور کەمتر دەبارێت و کاریگەری کەمبارانی بەسەرەوە دیارە، بۆیە هەر پۆندێک دروست بکرێت کاریگەری ئیجابی دەبێت بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی بۆ کەرتی کشتوکاڵ و پڕۆژەکانی ماسی و کەرتی ئاژەڵداری."
هێمن سەید موراد ووتیشی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان چۆن گرینگی بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، بە هەمان شێوە گرینگی بە ناوچە کوردستانییەکانیش دەدات، هیچ کات جیاوازی ناکات لە نێوان هیچ ناوچەیەک و هەمووی بە هەرێمی کوردستان حیساب دەکات، لە ماوەی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرمانی قڕکەر و پێداویستی کشتوکاڵی وەکوو ناوچەکانی هەولێر لە ناوچە کوردستانییەکانیش دابەش کرد، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە ناوچە کوردستانییەکان دەدات."
ئەم بابەتە 49 جار خوێندراوەتەوە