حکوومەت ئاگادارییەک ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکات

پەیامی کورد     ...    حکوومەت ئاگادارییەک ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکات

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ووتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی بە چاكسازی لە مووچەی خانەنشینی پلە باڵا كردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا یەكلای دەكاتەوە و ئەنجامەكەی رادەگەێنێت. دەشڵێ: "حكوومەت لە مانگی دوودا دووەم ڕاپۆرتی خۆی بۆ پەرلەمان ڕەوانە دەكات".

موستەفا سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "پرۆسەی چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان لە لایەن كابینەی نۆیەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و تا ئێستا لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٢٦ھەزار مووچەی نایاسایی بڕدراوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی داھاتێكی باش بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە و چەندی مووچەی نایاسایی ببڕدرێت، داھاتی زیاتر بۆ ھەرێم دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو چاكسازییەی حكوومەت دەستی پێكردووە، زۆر گرینگە و رێكخستنەوەی داھاتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستانە".

سەعید ووتیشی: "ئێستا كار لەسەر فایلی خانەنشینانی پلە باڵا دەكرێت، كە سەرووی ھەزار پلەیە و فایل بە فایل پێداچوونەوەی پێدا دەكرێت و ھەر خانەنشینێكی پلە باڵا بە حەقی خۆی خانەنشین نەكرابێت، جا بە پلەی لیوا بێت یاخود ھەر پلەیەكی دیكەی باڵا بێت، مووچەكەی دەبڕدرێت، بۆیە بە چڕی كاری تێدا دەكرێت و لە ماوەیەكی نزیكدا یەكلایی دەكرێتەوە و ئەنجامەكەی ڕادەگەیەندرێت، چوونكە حكوومەت بڕیاری داوە لە ھەموو سێكتەرەكان چاكسازی بكات و بەردەوامیش دەبێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "حكوومەت بڕیاری داوە پەرلەمان لە ھەموو چاكسازییەكان ئاگادار بكاتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا راپۆرتی سێ مانگی بۆ پەرلەمان بە ھەموو وردەكارییەكانەوە ڕەوانە كرد و بڕیارە لە مانگی دووشدا راپۆرتی دووەم بۆ پەرلەمان رەوانە بكات، ئەمەش ھەنگاوێكی گرنگە كە پەرلەمان ئاگاداری كار و چاكسازییەكانی حكوومەت بێت".


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە