حکوومەت چەند بڕیارێکی ده‌ركرد

پەیامی کورد     ...   حکوومەت چەند بڕیارێکی ده‌ركرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٢ بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کورتەیەکی دەربارەی سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی " ئیمارات " و بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ووزەی جیهانی و لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی و کۆبوونەوە و دیدارەکان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو ووڵاتە و بەرپرسانی ووڵاتان لە پەراوێزی لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان خستەڕوو.

لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا، سەرۆک وەزیران هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی دەربارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان بەتایبەتی دەرفەتەکانی پێشخستنی کەرتی ووزەی هەرێمی کوردستان ڕوونکردەوە، هەروەها یادداشتێکی لە یەک تێگەیشتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەولەتی ئیمارات واژووکرا بۆ برەودان بە توانای مرۆیی و بەرەوپێشبردنی دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێم و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکوومەتی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان.

دواتر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی لە بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی کردەوە کە کاری لەپێشینە و ئێستای حکوومەت دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، لەم ڕووەشەوە هیچ کات حکوومەتی هەرێم درێغی ناکات لە کارکردن لە پێناو پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، لە دوای خستنەڕووی داتاکانی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆی وەزارەت ودامەزراوەکانی هەرێم لە مانگی ئاداری ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دەستکردن بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار لە ڕۆژی یەکشەممە ٤/١٠.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئامادەسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی ڕووسیا - ئۆکراین کرا، بەتایبەتی لە بواری هاوردەکردنی گەنم و بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرینگی ئامادەسازی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کردەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تاکو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکییەکان یان گرانبوونیان لە سەر هاووڵاتییان دروست نەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجوومەنی وەزیران، پێشنیاری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەند کرد سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی بۆ ماوەی ٢ مانگ لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەک (ئارد، برنج، زەیتی، خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەکی وئاژەڵیی، چای ڕەش، شەکر، پاقلەمەنی ووشک (نۆک، نیسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش)، شیری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی لە درێژەدان بە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی کردەوە.

هەروەها بەردەوامبوونی کاروبارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن لە (پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان) کە بە بەشداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنراوە بەمەبەستی چاودێریکردنی نرخ وبازاڕ و هەڵسەنکاندن و پێداچوونەوە بە ئەنجامی ڕێکارە پێشنیارکراوەکان دوای دوو مانگ لە جێبەجێکردنیان.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن دەربارەی (پڕۆژە یاسای پشتیوانیی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان - مشروع قانون الدعم الطارئ للأمن الغذائی و التنمیة) کە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە بۆ تەشریعکردنی، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد لەسەر ووردەکاری پڕۆژە یاساکە و ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەکە، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە داکۆکیکردن لە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک شایستەی دەستووری خۆی، داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرا کە لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی ماف وشایستەکانی هەرێم، مامەڵە لەگەڵ ئەو پڕۆژە یاسایە بکەن، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی ڕاسپارد کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ وەزارەتە فیدڕاڵییە هاوتاکانیان بەشداربن لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریشدا لە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەکی باڵا بنێرێت بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ برەودان بە هەماهەنگی لە بواری نەوت و وزە لەسەر بنەمای دەستوور وبە ڕەچاوکردن و پاراستنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم لەم بوارە.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی ئەنجامی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٧٦ تایبەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەی ٩ و ١٠ لە یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خرایەڕوو. دوای گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە لایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە بەرزکرابوونەوە، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە یاسای چاکسازی لە پێناوی زامنکردنی ماف وشایستەی دارایی مووچەخۆرانی شایستەیە و نابێت ببێتە هۆی زیانلێکەوتنی کەسانی شایستە، ئامانج لە دەرکردنی یاساکەش لە بنەڕەتدا ڕێگرتنە لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە بوودجەی گشتی وڕێکخستنەوەی بواری وەزیفەی گشتییە بەو ئاراستەیە.


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە