حۆکمی بەندکراوێکی سیاسی هەڵوەشێندرایەوە
پەیامی کورد ... حۆکمی بەندکراوێکی سیاسی هەڵوەشێندرایەوە
حوکمی بەندکراوێکی سیاسی کورد بە ناوی "موحەممەد مورادی"، خەڵکی گوندی "قەبری حسێن" سەر بە پیرانشار لە لقی ٣٤ی دیوانی باڵای ووڵاتەوە هەڵوەشایەوە.
بە ووتەی سەرچاوەی ئاگادار ، دیوانی باڵای ووڵات بەهۆی کەم وکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا، حوکمی ئەو بەندکراوە سیاسییەی هەڵوەشاندووەتەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ تاوتوێکردنی دووبارە نێردراوەتەوە بۆ ئەو دادگایەی کە سەرەتا ئەو حوکمەکەی بەسەر "موحەممەد مورادیـ"ـدا سەپاندووە.
ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "موحاربه" لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، مەحكووم کرابوو.
موحەممەد مورادی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاش ڕۆیشتن لەو حیزبە، ماوەی ٤ ساڵ بەر لە ئێستا لە سنووری "کێلێ "ـی سەردەشت، گەڕابووەوە ئێران.
ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سوپا دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ کرابوو.
ئەوهاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپا لە ورمێ، سەرەتا بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە و دواتر بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.
ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵەیە، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و هەنووکە لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ٢ ساڵ بەر لە ئێستا دوو برای موحەممەد مورادی بە ناوەکانی "عەبدۆلڕەحمان و سادق مورادی" لە سنووری "کۆترانـ"ـی شاری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژران.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە