حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ٣٣ یەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی دکتۆر قاسملوو پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد    ...   حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ٣٣ یەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی دکتۆر قاسملوو پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

▪️بە بۆنەی ساڵوەگەڕی تیرۆر و شەهیدکردنی دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ٢٢ی پووشپەڕ، ناوەندی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە:

▫️٢٢ی پووشپەڕ بەرانبەر بە ١٣ی ژووییەی زایینی وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژێکی تاڵ و زامێکی قووڵ و بەژان بۆ کورد و غەدرێکی گەورە و جینایەتێکی سامناک و لەبیرنەکراوی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەی کوردە.

▫️ڕێژیمی ئیستبدادی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتاوە سیاسەتی خۆی بەرانبەر بە جیابیران لەسەر بناخەی لەنێوبردن و تێرۆری ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن داڕشتبوو و لە سیاسەت و باوەڕی پتەوی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات بە دیالۆگ و ڕێگەچارەی دێموکراتیک و سیاسی پرسی کورد لە ئێراندا ئاگادار بوو، ئەوەی وەک دەرفەت بۆ ڕاکێشانی دوکتور قاسملوو بۆ سەر مێزی وتووێژ قۆستەوە و بە تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، دڵڕەشی و دوژمنایەتیی بێسنووری خۆی بەرانبەر بە ماف و ئازادیی نەتەوەی کورد بە دنیا نیشان دا.

▫️ڕێژیمی دواکەوتوو و ئیدئۆلۆژیکی ئێران ئێستاش تێنەگەییوە کە نەتەوەی کورد بڕوای بە خەباتی ڕەوا و دێموکراتیکی خۆی هەیە و بڕیاری داوە هەتا سەرکەوتن و گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی لە تێکۆشان و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت، دیکتاتۆری سەرکوتکەر بەچۆکدا دێنێت و جێژنی ڕزگاربوون لە ژێردەستی دەگرێت

▫️بارودۆخی ئەوڕۆی ئێران لە ساڵەکانی پار و پێرار و پێشووتر شێواو و شپرزەتر بووە. قەیرانە نێوخۆییەکان لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەمنییەتی، گرانیی هەوسارپچڕاو، بێکاری، هەژاری و دیاردەی برسیەتی، قەیرانی ناکارامەیی، قەیرانی ئیدئۆلۆژیک و مەشەڕووعییەتی سیاسی و مەزهەبیی ڕێژیم، گەندەڵیی حکوومەتی هاوکات لەگەڵ قەیرانی پێوەندی و دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و دەرەوەی ناوچە، بە شێوەیەکی باوەڕنەکراو پەرەیان سەندووە و ڕێژیم لە وڵامدانەوە بە سەرەتاییترین داوخوازەکانی خەڵک داماوە.

▫️خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەوڕۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران ئیدی بۆ ژیانی خۆشتر و باشتر نییە، بەڵکوو بۆ لە ژیاندامانەوە و لەبرسان نەمردنە. گرانی و هەژاریی وەها پەرەی سەندووە کە لە کۆنترۆڵی ڕیژیمی گەندەڵ و ناکارامە دەرچووە. زۆرینەی خەڵک توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی نییە.

 ▫️کۆمەڵگای ئێران بەرەو تەقینەوە و ڕاپەڕین دەڕوا و وێناچێ پێشی پێ بگیرێ. بەڵام نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو و بەهێز هەروا خاڵی لاوازی خەڵک و هێزەکانی دژبەری ڕێژیمە.

▫️بەرخۆدان لە پێناو ماف و سەربەستی، ئێستاش، ٣٣ ساڵ دوای شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو، لە هەموو ڕەهەند و شێوەکانی خۆیدا درێژەی هەیە و گەلی کورد و حیزبەکانی، بە یەکگرتوویی و خەباتی هاوبەش، هەتا گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی دوکتور قاسملوو و شەهیدانی دیکەی ڕێگەی ئازادی، بەردەوام دەبن


ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە