حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ووڵامی ئێران دەدەنەوە؛ شوێنی خۆمان چۆڵ ناکەین
پەیامی کورد ... حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ووڵامی ئێران دەدەنەوە؛ شوێنی خۆمان چۆڵ ناکەین
داواکەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە حکوومەتی عێراق بۆ دەرکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاردانەوەی لێکەوتەوە و حیزبەکانی رۆژهەڵات رایدەگەیێنن هاوئاهەنگی تەواویان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و نەبووینەتە مایەی سەرئێشە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانی. سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتێکشانی کوردستانی ئێرانیش دەڵێ "مەگەر دەرمانبکەن، ئەگینا لە شوێنی خۆمان ناڕۆین".
عوسمان خەلیلی، سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتێکشانی کوردستان رایگەیاند، "ئێران ساڵانێکە ئەو داوایە لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوە شتێکی نوێ نییە، بۆیە دڵنیایی دەدەین کە ئێمە چەک دانانێنین، مەگەر دەریشمان بکەن ئەگینا لە شوێنی خۆمان دەرناچین".
عەبدۆڵڵا ئازەربار، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند "ئێمە بە فەرمی هیچ داوایەکمان لێنەکراوە بۆ ئەوەی شوێنەکانمان چۆڵ بکەین، وورووژاندنی ئەو بابەتە تەنیا کارتێکی گوشارە کە ئێران بەکاری دەهێنێت و زیاتر لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا بەکاری دەهێنێت".
عەبدۆڵڵا ئازەربار ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە ئەوەندەی پێمان بکرێ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی دەکەین و هەموو پرسەکانیش بە دیالۆگ یەکلایی دەکەینەوە، بەڵام دەبێ هەمووانیش ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە ئەمە پرسی پارچەیەکی گەورەی کوردستانە بۆیە جێبەجێکردنی سەختە "کوردی رۆژهەڵات بێ دەردیسەرترین کوردن بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
کەمال کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند:"پرسی دەرکردنی ئێمە (حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) پێشتریش چەندجارێک باسکراوە و هەندێ پەرلەمانتاری ئێران وروژاندوویانە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە".
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە