حەشدی شەعبی دەبێتە مەترسییەکی گەورە و لەم بارەیەوە هۆشداری دەدرێت
پەیامی کورد ... حەشدی شەعبی دەبێتە مەترسییەکی گەورە و لەم بارەیەوە هۆشداری دەدرێت
حەشدی شەعبی ھێزەکانی بەرەو ئاراستەی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز جووڵە پێ کردووە و بەرپرسێکی پارتییش لە مەخموور ھەبوونی ئەو ھێزانە لە دەڤەرەکە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە و دەڵێت، بەردەوام ھێزی سەربازی و حەشد لەو سنوورە جووڵە دەکات.
کرمانج عەبدۆڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغ، ڕایگەیاند: "جووڵەیەکی سەربازی لە ناوچەی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان ھەیە، کێشە و ئاڵۆزییەکانی دەڤەری سەرگەڕان ھەروەک خۆی ماوە و چارەسەر نەکراوە، بەتایبەتی زانیاریمان بۆ ھاتووە ھێزێکی حەشدی شەعبی گەیشتووەتە ناوچەکە."
ئەو بەرپرسەی پارتی هەروەها ووتی: "بەردەوام ھێزەکانی حەشد و سوپای عێراق دێنە ناوچەکە، بێگومان ھەر ھاتنی ئەو ھێزانە بۆ سنووری سەرگەڕان ناسرووشتییە و کاریگەریی لەسەر دانیشتووانی کوردی ئەو سنوورە دەبێت."
کرمانج عەبدۆڵڵا ڕوونی کردەوە: "ئەگەر بۆیان بچێتە سەر حەشد و ھێزە عێراقییەکان ھەموو گوندەکانی سنوورەکە تەعریب دەکەن، ھەر دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناوچەکە لەژێر مەترسیدایە و بەردەوام ئاڵۆزی بە خۆیەوە دەبینێت."
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە