حەمەی حاجی مەحموود : پۆستی سەرۆککۆماری بەم هۆکارەوە نادرێت بە سوننە
سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەێنێت، لایەنە شیعەکان پۆستی سەرۆک کۆمار نادەن بە سوننە، چوونکە سەرۆک کۆمار هێزی چەکداری لەژێر دەسەڵاتدایە و ترسی کودەتایان هەیە، بۆیە ئەو پۆستە لای کورد بێت، بۆ شیعە بێ مەترسی و بێ کێشەیە.
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا ، محەمەدی حاجی مەحموود رایگەیاند، ڕەنگە کورد و سوننە لە پۆستی سەرۆک وەزیران دا قسەیان هەبێت، بەڵام شیعە خۆی بڕیار دەدات، کێ دەکەنە سەرۆک وەزیران.
سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی عێراق، کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکایە، بڕیار لە عێراق و کوردستان نادرێت، بەڵکوو لەدەرەوەی عێراق دەدرێت و ووتیشی: پێش هەڵبژاردن، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەلایەن تورکیاوە بانگکرا و لابرا، کەسێکی تر خرایە جێگەکەی بێ ئەوەی پرس بەکەس بکەن، خەنجەر و حەلبووسی بانگکران بۆ تورکیا و ئامۆژگاری کران و نێردرانەوە، واتە بڕیار لەدەرەوە دەدرێت، هەمووی لەم ووڵاتەدا بە وەکالەت ئیش دەکات.
لەبارەی كاندیدكردنەوەی كازمییەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ووتی: کازمی دەیویست جارێکی تر ببێتەوە سەرۆک وەزیران، ڕەنگە سەدریش وەکوو یەکێک لە کاندیدەکانی داینابێت، بۆیە بەئامانج کردنی دوو حاڵەتە، یان ئەوەتا خەز عەلی و جەماعەتەکەی لەپشتەوە بێت، تا بیترسێنن و خۆی کاندید نەکاتەوە، یاخود سیناریۆی کازمی خۆی بوو، چوونکە کاتژمێر و نێوێک پێش هێرشەکە و بەو نیوە شەوە لەماڵ دەرچووە.
ناوبراو جەختیكردەوە لەوەی، شیعە پۆستی سەرۆک کۆمار ناداتە سوننە، چوونکە ئەو پۆستە هێزی لایە، ئەگەر بدرێتە سوننە، سوننە کودەتا دەکات، لەکاتێکدا گەر لای کورد بێت، بێ مەترسی و بێ کێشەیە و ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر ئەو پۆستە لای یەکێتی بووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، لەهەموو حاڵەتێکدا نابێت بەکێشە و یەکێتی و پارتی لەسەری ڕێکدەکەون، ڕەنگە ناو یەکێتیش چەند کاندیدێک هەبێت بۆ ئەو پۆستە.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە