خالد عەباس : بڕیاری نەھێشتنی مەرەکەب کاریگەری لەسەر ھەڵبژاردنەکان نابێت

پەیامی کورد   ...   خالد عەباس : بڕیاری نەھێشتنی مەرەکەب کاریگەری لەسەر ھەڵبژاردنەکان نابێت

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ بڕیاری دا لە ھەڵبژاردنی داھاتوو مەرەکەبی دەنگدان نامێنێت.  بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک دەڵێت "ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە و ھیچ کاریگەریشی لەسەر ھەڵبژاردنەکان نابێت."

جومانە غەلای، ووتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند  "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری دا لەمەودوا و بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو مەرەکەبی دەنگدان نامێنێت، ھەر کەسێک پێشتر دەنگی خۆی دەدا پێویست بوو پەنجەی بخاتە ناو مەرەکەبەکە بۆ ئەوەی بزانرێت دەنگی داوە، بەڵام لەمەودوا ئەو مەرەکەبە نامێنێت، لەبەر ئەوەی ئێستا ئامێرەکان بە جۆرێکن کەس ناتوانێت دووبارە دەنگ بدات."
لای خۆشیەوە خالد عەباس بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، ڕایگەیاند "ئەو بڕیارەی کۆمیسیۆن ھەنگاوێکی زۆر باشە و ھیچ پێویست بەو مەرەکەبە ناکات، چوونکە ئەستەمە ھیچ کەسێک بتوانێت دووبارە بچێت دەنگ بدات، ئێستا ئەو مەرەکەبە زیادەیە و بگرە تێچووشی زۆرە، زۆر جاریش گرفتی بۆ ئێمە درووست کردووە، بۆیە نەھێشتنی کارێکی زۆر باشە."
دەشڵێت "جار ھەبووە دەنگدەر پێش ئەوەی وەرەقەی دەنگدان بخاتە ناو سندووق دەستی دە مەرەکەبەکە ناوە، ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی ئامێرەکان ئەو وەرەقەیە نەخوێننەوە و زۆر جاریش دەنگی باتڵ کردووە، بۆیە ئێستا ئامێرەکان زۆر پێشکەوتوون و پێویست بەو مەرەکەبە ناکات."


ئەم بابەتە 40 جار خوێندراوەتەوە