خانەنشینی ھەرێم : کەس نان بڕاو نەکراوە ... بەڵکوو ٧ هەزار کەس مووچە زیادەکەیان ڕاگیراوە

پەیامی کورد      ...   خانەنشینی ھەرێم : کەس نان بڕاو نەکراوە   ...   بەڵکوو ٧ هەزار کەس مووچە زیادەکەیان ڕاگیراوە

بەڕێوبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستیان کردووە بە راگرتنی مووچەی ئەو کەسانەی زیاتر لە مووچەیەکیان ھەیە و تەنھا یەک مووچەیان پێ دەدرێت و ئەوەی دیکە دەبڕدرێت، تا ئێستاش ٧ ھەزار کەس مووچەیان راگیراوە، بەڵام کەس نانبڕاو ناکرێت و پێویستە یەک مووچە وەربگرێت.

سەباح مۆخلیس، بەڕێوبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند : "ئێمە وەکوو خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان، ١٤ بەڕێوبەرایەتیمان لە سەرجەم ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و داوامان لە سەرجەمیان کردووە کە ھەر کەسێک زیاتر لە مووچەیەکی ھەیە، رایبگرن، بۆیە ئەوان یەکلای دەکەنەوە کە کێ زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرێت و بڕیارە ئەوەی زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرێت رایبگرن، کە تاوەکو ئێستا ٧ ھەزار کەس مووچەیان راگیراوە، بەڵام ھێشتا ماوە و پێویستە ھەمووی کۆبکەینەوە، ئەوکات ئاماری دروست دیار دەبێت چەندە".

موخلیس ووتیشی: "ئەو کەسانەی مووچەیان راگیراوە، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی بزانرێت ھۆکار چییە مووچەکەیان راگیراوە، کە نابێت لە مووچەیەک زیاتریان ھەبێت، چوونکە ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەکیان هەبێ، لە تۆماری بایۆمەتری دیار دەبێت، بۆیە پێویستە پشتگیری بێنن لە بایۆمەتریی ھەرێم بۆ سەلماندنی ئەوەی کە یەک مووچەیان ھەیە و ئەگەر زیاتر لە مووچەیەکیش بوو، یەکێکیان دەبڕدرێت و تەنھا یەک مووچەیان پێ دەدرێت".

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەوەی بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتبێت، زیاتر بێت لە مووچەیەک، یەکێکیان راستەوخۆ دەبڕدرێت، چوونکە لە یاسای چاکسازیدا نانبڕاوکردن نییە، بەڵام رێگەشیان پێ نادرێت دوو مووچە وەربگرن.


ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە