خاوبوونەوەی قسەکردن لەگەڵ تەمەندا دەتوانێت نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوە بێت بۆ دابەزینی مەعریفی

پەیامی کورد   ...   خاوبوونەوەی قسەکردن لەگەڵ تەمەندا دەتوانێت نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوە بێت بۆ دابەزینی مەعریفی

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە قسەکردنی خاو دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ کێشەی تەندرووستی دەروونی لە کەسانی پێگەیشتوودا. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات کە نەک تەنها شێوازی قسەکردن، بەڵکو خێراییەکەی دەتوانێت هۆشدارییەک بێت سەبارەت بە دابەزینی مەعریفی

توێژەران داوایان لە 125 کەسی پێگەیشتوو لە تەمەنی 18 بۆ 90 ساڵیدا کردووە، بە ووردی باسی دیمەنێک بکەن. گفتوگۆکانیان بە نەرمەکاڵایەکی زیرەکی دەستکرد شیکرانەوە بۆ دەرهێنانی تایبەتمەندییەکانی وەک خێرایی قسەکردن، کاتی وەستانەکانی نێوان ووشەکان و جۆراوجۆری وشە بەکارهێندراوەکان.

هەروەها بەشداربووان تاقیکردنەوەی ستانداردیان ئەنجامدا بۆ پێوانەکردنی تەرکیز، خێرایی بیرکردنەوە و هتد. دابەزینی ئەم توانا "جێبەجێکارانە" بەهۆی تەمەنەوە پەیوەندییەکی نزیک بە ڕێژەی قسەکردنەوە هەبوو. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هۆشداری دابەزینی مەعریفی فراوانترە لە نەتوانینی دۆزینەوەی وشەکان.

ئەنجامێکی سەرنجڕاکێشی توێژینەوەکە ئەوە بوو کە خێرایی قسەکردنی سروشتی کەسانی گەورەساڵ پەیوەندی بە خێرایی ناونانی شتەکانەوە هەبووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە خاوبوونەوەی گشتی لە پرۆسێسکردندا ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ گۆڕانکارییە مەعریفی و زمانەوانییە فراوانەکان کە پەیوەندییان بە تەمەنەوە هەیە، نەک تەنها تەحەدایەک لە بیرهێنانەوەی ووشەکاندا.


ئەم بابەتە 10955 جار خوێندراوەتەوە