خەتیبێکی مزگەوتی هەینی سەر بە ڕەوتی سەدر لە هێرشی تێرۆر کردن ڕزگاری دەبێت

پەیامی کورد     ...    خەتیبێکی مزگەوتی هەینی سەر بە ڕەوتی سەدر لە هێرشی تێرۆر کردن ڕزگاری دەبێت

لەدرێژەی کردەوە تیرۆریستیەکان له پارێزگای میسان، لە باشووری عێراق، کەسایەتیەکی نزیک لە ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەهێرشێکی تیرۆر کردن ڕزگاری بوو.

 بەپێی زانیارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی شاری عەممارە ناوەندی پارێزگای میسان، هێرشێکی چەکداری دەکرێتە سەر شێخ کەریم کەعبی، خەتیبی مزگەوتی هەینی ڕەوتی سەدر، بەڵام لە کوشتن ڕزگاری بوو.

 کەعبی بەکەسێکی نزیکی موقتەدا سەدر لە شاری عەممارە دادەنرێت.  لە ڕاپۆرتی ھێزە ئەمنییەکان ئاماژە بەوەش کراوە "چەکدارەکان لە ڕێگەی ماتۆرسیکلەوە بە جلوبەرگی ڕەشەوە هێرشیان کردووەتە سەر کەعبی، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا و دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتوون".  

ماوەیەکە شەڕ و کردەوەی تیرۆر لەنێوان گرووپە میلیشیاییەکانی شاری عەممارە سەری هەڵداوە و چاودێرانی ڕەوشەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە شەڕەکە لەنێوان دوو گرووپ چڕ بووەتەوە، بەتایبەت لەنێوان ڕەوتی سەدر و گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە لەلایەن قەیس خەزعەلی کەسایەتی نزیک لە کۆماری ئیسلامی یەوە ڕابەرایەتی دەکرێ.


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە