دابەشکردنی نەوت لەم کاتەدا دەست پێدەکات

پەیامی کورد     ...   دابەشکردنی نەوت لەم کاتەدا دەست پێدەکات

بەڕێوبەری سووتەمەنی ھەولێر ڕایگەیاند : بڕیارە سبەی دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بەسەر ھاووڵاتیاندا بکەن، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتەکەی دابین کردووە و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکەن.

ئاری کاکەشین، رایگەیاند: "لەسەر فەرمانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتی سپیمان بۆ دابین کراوە و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکەین لە ناوچە شاخاوییەکان، تەواوی ئامادەکارییەکانیش کراون و سەرەتاش لە سیدەکان دەست پێدەکەین، کە رۆژانە ٣٠٠ھەزار تا ٤٥٠ھەزار لیترمان بۆ دێت، بۆیە رێژەیەکی زۆر باشە و بەو جۆرە بێت دەتوانین لەناو ھەولێریش دابەشی بکەین".

کاکەشین ووتیشی: "ماوەیەکە نەوتمان بۆ دێت و ئێستا بۆ دابەشکردن ئامادەیە، کە بۆ ھەر خێزانێک ٢٠٠ لیتر نەوت دەبێت و نرخەکەشی ٥٥ هەزار دینارە و ئەمجارەش لە ھەموو پارێزگاکان یەک شێوازی دابەشکردنی نەوت دەبێت".

ناوسراو باسی لەوەش کرد: "ئەمساڵ بۆ ئەوەی بتوانین نەوت بەسەر ھەموو خێزانەکانی سنووری ھەولێر بە گشتی دابەش بکەین، پێویستمان بە ٩٤ ملیۆن لیتر نەوتی سپی ھەیە".

دەشڵێ: "ھەموو بریکارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە ئامادە بن بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان بکرێت".


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە