دادگای باڵای سوید حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری پشتڕاست کردەوە
پەیامی کورد ... دادگای باڵای سوید حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری پشتڕاست کردەوە
دادگای سوید لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١دا بە تاوانی دەست تێدابوون لە کوشتنی بەندکراوانی سیاسیی ئێران لە ساڵی ١٣٦٧دا حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نووری دا سەپاند. ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەمە، دادگای باڵای سوید داواکاری حەمید نووری بۆ پێداچوونەوە بە سزاکەی ڕەت کردەوە.
لە مانگی سەرماەزی ڕابردووش دا دادگای پێداچوونەوەی ستۆکهۆڵم، بڕیاری دادگای سەرەتایی و حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری پشتڕاست کردەوە و داوکاریی ناوبراوی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە ڕەت کردەوە.
حەمید نووری، لە کاتی سێدارەکانی ساڵی ٦٧ بە ناوی حەمید عەباسی، دادیاری دەزگای دادوەری ڕێژیمی ئێران لە گەوهەردەشت بووە و لەلایەن سکاڵاکەرانی تایبەتەوە بە دست تێدابوون لە کوشتاری زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی و ئەندامەتی لە هەیئەتی مەرگ تۆمەتبار کراوە.
ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٠١٩ لە فڕوکەخانەی ''ئارلاندا''ی سوید بە حوکمی دادستانی سوید و بە تاوانی ڕۆڵ لە کۆشتاری بەکۆمەڵ دەسبەسەر کرا.
ئەم بابەتە 11439 جار خوێندراوەتەوە