دادگای فێدڕاڵی عێراق دووهەم ڕاگەێندراوی خۆی لە دژی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... دادگای فێدڕاڵی عێراق دووهەم ڕاگەێندراوی خۆی لە دژی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە
دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕایدەگەێنێت، بڕیارەكەمان لەبارەی نەوتو گازی هەرێم دەستوورییەو پێشتر لە دادگایەكی ئەمریكا هەمان بڕیاردراوە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پێشووتریش لە دادگایەکی ئەمریکا بڕیاری لەسەر دراوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق تۆماریکردبوو، بۆیە جەخت لە درووستی بڕیارەکەی ١٥ی ئەم مانگەیان دەکەنەوە و لەبڕیارەکەشدا رەچاوی بەرژەوەندی باڵای عێراق و گەلەکەی کراوە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا باسی لەوەشكردووە، سکاڵای تۆمارکراو بە ژمارە (٥٩ /اتحادية/٢٠١٢) و یەکلاییکردنەوەی لە ١٥ /٢ /٢٠٢٢ کە تایبەت بوە بە نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی کوردستان، دەرچوونی ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای مادەکانی (١١٠، ١١١، ١١٠، ١١٥،١٢١ و١٣٠ )ـی دەستووری عێراق بوە، هەروەها پێشووتریش دادگایەکی ئەمریکا لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیارێکی بەهەمان ناوەڕۆکەوە دەرکردوە کە دژی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کاتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تانەی لە بڕیارەکەی دادگای ئەمریکادا و دادگای ئەو ووڵاتەش لە 21ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ پێداچوونەوەی بۆ دۆسییەکە کرد و بەهەمان ناوەڕۆکی پێشتر بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوتی عێراق دەرکرد، ئەو کات حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانینا بە گواستنەوە و بەتاڵکردنەوەی کەشتی نەوتی لە ئیسرائیل، بەوهۆیەش بەرگری نامەکەی هەرێمی کوردستان لەدادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا لاواز دەرچوو.
دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، بۆیە ئەو کاتە دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوتی عێراق پەسەندکردەوە، بۆیە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقیش لە رۆژی ١٥ی ئەم مانگەدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای عێراق و گەلەکەی دەرچووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە دادگای فیدڕاڵی عێراق له كۆبوونهوهی رۆژی ١٥ی شوبات دا، بڕیاریدا كه یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەستووری نییە و سهرپێچی دهستووری فیدڕاڵیه، بۆیە حكوومهتی ههرێمی كوردستان پابهند كرا به رادهستكردنی تهواوی داهاتهكانی نهوت به بهغدا.
ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە