داوایەک لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە بۆ ئەو کەسانەی یەکەم جارە بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن

پەیامی کورد       ...    داوایەک لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە بۆ ئەو کەسانەی یەکەم جارە بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن

 بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەینێت : ماوەی خۆتۆمارکردنی دەنگدەران تاوەکوو ١٥ی مانگی نیسان درێژ کرایەوە و ھاووڵاتیان دەتوانن لەو ماوەیەدا بێن خۆیان تۆمار بکەن، بە تایبەت ئەوانەی تازە مافی دەنگدانیان ھەیە، چوونکە زۆرترینی ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە، ئەوانەن کە ئەم ھەڵبژاردنە تەمەنیان بۆ دەنگدان دەگونجێت.

عەبدۆلڕەزاق مشیر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ووتی، ماوەی خۆتۆمارکردنی دەنگدەران تاوەکوو ١٥ی مانگی نیسان درێژ کرایەوە و لە ماوەی ڕابردوو تا ئێستا رێژەی خۆتۆمارکردن لە رێگەی ئۆفیس و تیمە گەڕۆکەکان ٦٥% بووە و ئەوانەی  بایۆمەترییان بۆ کراوە و کارتی دەنگدانیان بۆ درووست کراوە رێژەکە گەیشتووەتە ٩١%، رۆژی سێشەممەی داھاتووش دەست بە دابەشکردنی کارتی نوێ دەکرێت، کە ژمارەیان ٤٠ھەزار کارتە.

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٥٣بنکەی تۆماری دەنگدەران و٣٧تیمی تۆمارکردنی ئاوارەکانیش ھەن، کە لە ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی کارتی نوێ دەکرێت و ئەوانەی تازە دەتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن، رێژەکەی ١٤%یە، چوونکە ئەوانەی دیکە ھێشتا خۆیان تۆمار نەکردووە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، زۆرترینی ئەوانەی کە لە ساڵی ٢٠٠١و٢٠٠٢و٢٠٠٣ لەدایک بوون و یەکەم جارە بەشداری دەنگدان دەکەن، خۆیان تا ئێستا تۆمار نەکردووە، بۆیە داواکارین بێن خۆیان تۆمار بکەن لەو ماوەیەی لە بەردەستدا ھەیە.

ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر قەدەغەی ھاتووچۆ بێت و پشووش بێت، ھاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن، چوونکە بنکەکان تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی نیسان کراوە دەبن.

دەشڵێ، بەربژێرەکانیش دەتوانن تاوەکوو ١٧ی مانگی نیسان بێن خۆیان تۆمار بکەن.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە