داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت "کارتی دەنگدان وەرگرنەوە

پەیامی کورد       ...    داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت "کارتی دەنگدان وەرگرنەوە"

جێگری بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ووتی، دابەشکردنی کارتی دەنگدان لە سنووری ھەولێر بەردەوامە و ڕێژەی بەشداریکردنی کارتی دەنگدان گەیشتووەتە ٨٨% و، بەشێکی کارتەکانیش وەرنەگیراونەتەوە. داواش لە هاووڵاتییان دەکات کارتی دەنگدانیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دەنگدان .

بۆتان شێرکۆ، جێگری بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند :  ''ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە بۆ ھەڵبژاردنەکان و خولمان کردووەتەوە و خەریکی دانانی کارمەندانین بۆ سەر سندووقی دەنگدان و ئەم جارە بە جۆرێک کارمان کردووە کە ھەڵەکانی ڕابردوو لە ئامێرە ئەلکترۆنییەکاندا دووبارە نەبنەوە و زۆر باش چارەسەر کراون.''

بۆتان شێرکۆ گوتیشی: ''دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە و ئێستا ڕێژەکە گەیشتووەتە ٨٨%، کە ڕێژەیەکی باشە و ھاووڵاتی و دەنگدەر دەتوانن بە کارتی بایۆمەتری و کارتی کورتخایەن دەنگ بدەن، ئەوەی بە کارتی کورتخایەن دەنگ دەدات، پێویستە بە ھەر ١٠ پەنجە مۆر بکات و کارتەکەیشی لێ وەردەگیرێتەوە.''

شێرکۆ باسی لەوەش کرد: ''نزیکەی ٧٠٠ ھەزار کارتمان دابەش کردووە و بەشێکیشی ماوە دابەش و نەکراوە و داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین، بێن کارتی خۆیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دەنگدان، چونکە ئەوەی کارتی نەبێت مافی دەنگدانی نابێت، بۆیە گرنگە خەڵک بێن کارتی خۆیان وەربگرنەوە.''


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە