دواهەمین زانیاری سەبارەت بە بوردوومانی سنوورەکانی پارێزگای سنە
پەیامی کورد ... دواهەمین زانیاری سەبارەت بە بوردوومانی سنوورەکانی پارێزگای سنە
فەرماندەیەكی سەربازی ئێران رایگەیاند، سنوورەكانی پارێزگای سنە "كوردستان" لەئاسایشی تەواودان.
ئەمیر كیومەرس حەیدەری فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای ئێران باسی لە هەوڵەكانی چاودێری سنوورەكانی ئێران كرد و رایگەیاند سنوورەكانی پارێزگای سنە "كوردستان" لە ئاسایشی تەواو دان، هێزی ووشكانی سوپا و هێزی پۆلیس بەردەوام و بە هاوكاری یەكتر ئاسایشی سنوورەكانی پارێزگای سنە دەپارێزن.
روونیشی كردەوە، هێزی یەكەی سنووری 228ی هێرشبەری سەقز سێ ساڵە نێردراوەتە سنوورە ڕۆژئاواییەكانی ئێران " رۆژهەڵاتی كوردستان و باشووری كوردستان " كە بە باشی ڕاسپاردەییەكانیان تەواو كردووە.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە چیای كۆساڵان لە سنووری شارۆچكەی سەوڵاوا سەر بە پارێزگەی سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان پێكدادان لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاكانی یەرەكە باڵی سەربازی پژاك دا روویدا.
بەپێی سەرچاوەكان پاسدارێك كوژراوە و گەریلایەكیش گیانی لەدەستداوە لە پێكدادانەكانی دوێنێدا لە كۆساڵان.
دوێنێ چیای كۆساڵان بەتۆپخانە و فڕۆكە لەلایەن سوپای ئێرانەوە بە دژواری بۆردوومانكرا.
بەپێی سەرچاوە نزیكەكانی سوپای پاسداران، سوپا توانیویەتی ئەو ناوچانەی چیای كۆساڵان كۆنترۆڵ بكات كە هێزی گەریلای لێ بووە.
سەرچاوەكانی یەرەكە باس لەوە دەكەن كە هێزەكانی ئەوان لەسنوورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جێگیرنین و بەردەوام لە جێگۆڕكێ دان.
یەرەكە لە راگەێندراوێكدا دەڵێت هێزەكانی ئێران لەبەشێكی كۆساڵان جێگیربوون و لەوێوە تۆپبارانی ناوچەكانی دیكە دەكەن.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە