دوایین زانیاری لەبارەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بزانن
پەیامی کورد ... دوایین زانیاری لەبارەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بزانن
بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، بەھۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە و یاسایی نین و مەترسی بۆ سەر شوفێر و ھاووڵاتیان درووست دەکەن، بە ھیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێن و تەنیا چارەسەر ئەوەیە بکرێنە پارچە و بە یەدەگ پارچەکان بەکار بھێندرێن.
دکتۆر ھێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا ڕایگەیاند، بەھۆی فراوانی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ووڵاتان و شارەکانی عێراق و ھەبوونی رێگەی قاچاغ، ژمارەیان دیار نییە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا چەندن لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھەر ھاووڵاتییەک ئۆتۆمبێلێکی بێ تابلۆی کڕیبێت، ئاگادارە کە تۆمار ناکرێت و بنەماکانی سەلامەتی تێدا نییە، بۆیە ھەر ھاووڵاتییەک ئۆتۆمبێلێکی بێ تابلۆ و بڕاوە بکڕێت، خۆی بەرپرسیارە و ئاگادارە، ئێمەش ناتوانین بەرپرسیارییەتی ئۆتۆمبێلێک ھەڵبگرین کە مەرجی سەلامەتی تێدا نییە تابلۆی پێبدرێت.
میرانی ووتیشی، ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلانە تابلۆیان پێبدرێت، شەرعیەتی ھاتنەسەر شەقامت پێداون، کە بەشێکی ھەرە زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە لە ھەولێر پێیان دەووترێت (کراون) و لە هەولێر پشکنین بۆ ھەمووان کرا، لە حەوت ھەزار زیاتر، کە وابزانم کەمتر لە ٢٠٠ ئۆتۆمبێل بڕاوە نەبوون و ئەوەی تر بڕاوە بوون، بۆیە ئامانجی پشکنینەکە ئەوە بوو پێش دوو ساڵ بەرچاوی حکوومەت ڕوون بێت کام لەو ئۆتۆمبێلانە مامەڵەی یاساییان لەگەڵ بکرێت، لەبەر ئەوەی کامیان بڕاوە بێت بچووکترین ڕووداو دەبێتە دوو پارچە، بۆیە جگە لەوەی ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، ژیانی خەڵکی دیکەش دەخاتە مەترسییەوە.
بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، ئێمە ناتوانین لە ڕووی یاساییەوە ئەو بەرپرسیارییەتییە مێژوویی و مرۆییە بخەینە ئەستۆی خۆمان و سەلامەت نین، چوونکە ئەگەر بەیاسایی بکرێن ژمارەیان زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی لە عێراق و ووڵاتانی دیکە ژمارەیان زۆرە و ئەگەر بەیاسایی بکرێن، ئەوکات ژمارەیەکی دیکەی زۆر ھاوردە دەکرێن و بارودۆخەکە تێکدەدرێت، بۆیە ئەوەی تۆمار نەکرابێت داواکراوە و لە ھەر شوێنێک بگیرێن دەستیان بەسەردا دەگیرێت، چارەسەریش ئەوەیە ھاووڵاتیان لێی نەخوڕن و ئۆتۆمبێلەکان پارچە بکرێن و بکرێنە پارچەی یەدەگ، چوونکە ھیچ رێگەیەکی یاسایی و مرۆیی نییە کە بتوانین مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە سەلامەتی مرۆڤەوە ھەیە، بۆیە ھیچ ئومێدێک نییە بۆ ئەوەی تۆمار بکرێن.
ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە