دوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی شێخ باز پەیامێکی نوێ بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد   ...    

شێخ باز کەریم بەرزنجی، سەرۆکی کۆمپانیای کار گرووپ، رایگه‌یاند، ئەو بۆری غازەی ئێستا حکومەتی هەرێم بە نیازە رایبکێشێت و کۆمپانیاكه‌ی ئه‌وان جێبەجێی بکات، قۆناغی یەکەمی لە 100% بۆ ژێر خانی هەرێمی كوردستانه‌، هیچ پەیوەندی نیە بە گاز بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ده‌شڵێت، "ئەو بڕە گازەی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت، هێندە زۆر نیـیە هەتا هەناردەبکرێت، چوونکە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم بەکاردەهێنرێت، هیچ ڕاستییەک لەوەدا نیە کە جارێ گازی زیادە هەبێت، پێداویستی ناوخۆی خۆمان 950 ملیۆن فوت چوارگۆشەیە، ئێستا 550 ملیۆن فوت چوارگۆشە بەرهەم ده‌هێنین، هێشتا وێستگەی کارەبای دهۆک گازی پێنەگەیشتوە".

شێخ باز کەریم بەرزنجی، كه‌ هه‌فته‌ی رابردو ماڵه‌كه‌ی به‌ ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك له‌ شاری هه‌ولێر كرایه‌ ئامانج، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی نوێدا رایگه‌یاندوه‌، "زۆربەی بەرپرسە عێراقیەکان و بەرپرسانی هەرێم سەردانی ماڵ ئێمەیان کرد لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو لەوانەش سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەمو بەرپرسان ئەوانەی سەردانی ماڵەکەمیان کرد بینییان هەموو ژوورەکان و کەلوپەلی ناو ماڵەکە هی خۆم و خێزانەکەمن لە جل و بەرگ و پێداویستی ماڵ کە ڕۆژانە هەموو ماڵێک بەکاری دەهێنێت، لیژنەکەی پەرلەمانیش کە سەردانیان کرد بەهەمان شێوە بینیان هەموو کەلوپەلەکان پێداویستی ناوماڵن، دوێنێش شاندێکی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی سەردانی ماڵەکەمیان کرد، هەمو ئەوانە شارەزان لە کاروباری لێکۆڵینەوە و زانینی ڕاستییەکان ئەوانیش ژور بە ژور گەڕان و بە چاوی خۆیان بینییان کە ئەو خانوە ماڵی هاووڵاتییەکی عێراقیە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و خانوه‌ی كراوه‌ته‌ ئامانج "ماڵی منە، ماڵی شەخسی خۆم هیچ کات بۆ هیچ مەبەستێکی تر بەکارنەهاتوە، هیچ کەسێکی بێگانەش سەردانی ئەو شوێنەی نەکردوە، چوونکە ماڵی خێزانی خۆم بوە هەر بۆ ماڵی خۆم بەکارهاتوە، سەبارەت بە ڕاپۆرتی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە، چ لیژنەکەی پەرلەمان چ لایەنە ئەمنییەکان ئەوانە لایەنی فەرمین و جارێ بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە من ئاگادار نیم جارێ".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "جگە لەو شاندە عێراقیانەی کە دەست و برد هاتوونە ماڵەکەم، داوام لەو شاندانەش کردوە کە شاندی نێودەوڵەتی و بەرپرسان و باڵیۆزخانەی ووڵاتەکان هەروەها باڵیۆزی ئێرانی خۆیان بێن سەردانی ماڵەکەم بکەن هەتا ببینن ئەو شوێنە و ناوچەکە، ناوچەیەکی نیشتەجێبون و باخە خەڵکی سڤیلی تێدایە، ماڵی منیش یەکێکە لەو ماڵانەی لەو ناوچەیەیە".

شێخ باز کەریم بەرزنجی وتیشی، "تا ئێستا بەرپرسانی ئێران نە ته‌له‌فۆنیان کردوە، نە هاتوون، بەڵام هیوادارین بەزوترین کات بێن خۆیان ڕاستییەکان ببینن، چوونکە ئێران دراوسێی ئێمەیە بە دەیان ساڵ پێش ئێستا لە هەر نەهامەتییەک بە هەموو شێوەیەک هاوکاری خەڵکی کوردستان و عێراقییان کردوە، بە دڵنییای و بە بڕوای کەسی خۆم هەڵەیەک هەیە لەو مووشەک بارانکردنە، هیوادارم خۆیان بێن و ڕاستییەکان بۆ خۆیان ببینن".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سکاڵای تۆمار کردوە، وەک خاوەنی ماڵەکەت کە مووشەک بارانکراوە؟، شێخ باز کەریم ووتی، "نەخێر سکاڵام تۆمار نەکردوە، چوونکە یەکەم شت ویستم ڕاستییەکە ئاشکرا بێت، ئەوەی بۆمن و خێزانم و خەڵکی هەولێر و کوردستان و عێراق گرنگە ئەوەیە ڕاستییەکان دیار بن، سوپاس بۆ خوا بە دەنگ هاتنی حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێم پەرلەمانتارانی عێراق کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن ئەو ڕاستییانە ڕۆژ بە ڕۆژ بە ڕونی بۆ هەموو لایەک دیار دەبێت".

له‌باره‌ی قه‌باره‌ی زیانه‌كان كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی كه‌وتوه‌ به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌، شێخ باز ووتی، "بەڕاستی، بە نیسبەت خۆم زیانە مەعنەوییەکە زیاترە وەک لە زیانە مادییەکە، مەعنەوییەکە لای من دیارە، بەڵام زیانە مادییەکە وەک ئاماژەم پێی کرد دەبێت لیژنەی هونەری هەڵیبسەنگێنێت".

شێخ باز جەختیکردوە، "هیچ قابیلی گفتوگۆ و بەدواداچون وسەلماندن نیە، ئەو ماڵە ماڵی خێزانی و ژیانی من بو، هەمو خەڵک ئەوە دەزانێت، ئەوە واقیع حالە، بەڵام ئەو واقیعە پێویستە هەمو خەڵکی شارەکانی تر و دەرەوەی وڵات بێن بیبینن بەچاوی خۆیان کە ئەوە ماڵی منە، نەک هیچ دامو دەزگایەک.

له‌باره‌ی قه‌باره‌ی گازی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌وه‌ته‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر ئێران كراوه‌، ده‌وترێت یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی هێرشه‌كه‌، شێخ باز کەریم وتی، "بۆری گاز ئەوەی ئێستا حکوومەتی هەرێم بە نیازە ڕایبکێشێت و کۆمپانیای ئێمە جێبەجێی بکات، قۆناغی یەکەمی لە 100% بۆ ژێر خانی هەرێمە، هیچ پەیوەندی نیە بە گاز بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی پایپەکە لە کۆرمۆرەوە هەتا چەمچەماڵە، لە هەولێرەوە هەتا دهۆکە، وێستگەی کارەبای دهۆک هەتا ئێستا گازی پێ نەگەیشتوە، بەرهەمهێنانی گازیش بەرەو زیادبوون دەڕوات لە کێڵگەکانی هەرێم، پێویستە ئەو گازە بگاتە وێستگەکانی کارەبا، لەو قۆناغەش هەمو ئەوگازە زیادەی کە بەرهەم دەهێنرێت پێویستمانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ناوخۆ".

روونیشیكرده‌وه‌، "هیچ ڕاستیەک لەوەدا نیە کە جارێ گازی زیادە هەبێت، نە بۆریەکەش درێژ کراوەتەوە بۆ دەرەوەی ووڵات نە گازمان هێندە هەیە کە زیاد بێت لە پێداویستی ناوخۆ، چوونکە پێداویستی ناوخۆی خۆمان پێویستمان بە 950 ملیۆن فوت چوارگۆشە هەیە لە غاز، ئێستا 550 ملیۆن فوت چوارگۆشە کوردستان بەرهەمی دەهێنێت، کە دەیگەیەنێتە وێستگەکانی گازی چەمچەماڵ و بازیان و هەولێر، وە ئەو زیادەیەی کە ئێستا لە گاز بەرهەم دەهێنرێت بڕێکی دەڕوات بۆ چەمچەماڵ و هەولێر، وە بڕێکی تری دەڕوات بۆ وێستگەی دهۆک کە تا ئێستا گازی پێ نەگەیشتوە".


ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە