دووهەم ڕاپۆرتی پڕۆژەی چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت

پەیامی کورد      ...    دووهەم ڕاپۆرتی پڕۆژەی چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت .

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ووتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ھەر سێ مانگ جارێك راپۆرتێك لەبارەی پڕۆژەی چاكسازییەوە رەوانەی پەرلەمان بكات، ئەم مانگەش دووەم ڕاپۆرتی خۆی رەوانە دەكات.

سەعید ھەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ھەر سێ مانگ جارێك ڕاپۆرتێك لەبارەی كارەكانیان لە پڕۆژەی چاكسازی بۆ پەرلەمانی كوردستان رەوانە بكەن، بۆ ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری ووردەكاریی كارەكانی حكوومەت لەبارەی ئەنجامدانی چاكسازی بێت، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردووشدا یەكەم ڕاپۆرتیان بۆ ئێمە رەوانە كردووە و باسیان لەو كارانە كردبوو كە ئەنجامیان داوە".

ھەركی ووتیشی: "ئێستا سێ مانگی دیكە بەسەر ڕاپۆرتی یەكەمدا تێپەڕ بووە و بڕیارە لەم مانگەدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دووهەم ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پڕۆژەی چاكسازییەوە رەوانەی پەرلەمان بكات".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ھەر لیژنەیەك لای خۆشیەوە چاودێری جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی دەكات، ئێمەش لە لیژنەی خۆمان چاودێری دەكەین و ئەندامم لە لیژنەی پێشمەرگە، لەوێش چاودێری دەكەین و بڕیارە لەگەڵ لیژنەكانی وەزارەتی پێشمەرگەش بەدواداچوون بۆ چاكسازییەكان بكەین، بۆیە بەردەوام دەبین و حكوومەتیش ئامادەیە ھەموو زانیارییەك لەبارەی یاسای چاكسازییەوە بە پەرلەمان بدات".

دەشڵێ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە لە جێبەجێكردنی سەرجەم ماددە و بڕگەكانی یاسای چاكسازی و، بەردەوامیش دەبێت تا یاساكە بە تەواوی پەسەند دەكرێت.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە