دوو فەرماندەی حووثییەکانی سەر بە ئێران لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆ دەدرێن
پەیامی کورد ... دوو فەرماندەی حووثییەکانی سەر بە ئێران لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆ دەدرێن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک باسى گەماۆخستنە سەر دوو فەرماندەى هێزە ئاسمانى و دەریاییەکانى حووثییەکانى کرد کە میلیشیایەکى یەمەنى سەر بە کۆمارى ئیسلامییە.
ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا که ڕۆژی سێشەممە بڵاو بووەوە ئاماژەی دا بە ڕۆڵی گەورەی میلیشیاى ئەنسارۆڵڵا کە کۆماری ئیسلامی پاڵپشتى دەکات. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسى لەوە کرد که مەنسوور ئەلسەعدی و ئەحمەد عەلی ئیحسان ئەلحەمزە، ڕابەرانی هێزی ئاسمانى و دەریایی حووثییەکان، لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان دەخرێتە سەر.
ئانتۆنی بلینکن ووتی: «دەستوەردانی کۆماری ئیسلامی لە یەمەن ئاگری دژایەتی و پێکدادان بەتینتر دەکات، و مەترسی خراپبوونی بارودۆخ، هەڵە لە حیسابات، و ناجێگێری ناوچەکە زۆرتر دەکات. ئەنسارۆڵڵا بە چەک و تەقەمەنی، زانیاری، فێرکردن، و پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی، هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی یەمەن و عەرەبستانی سەعوودییە.»
موحەمەد عەبدۆلسەلام ووتەبێژى ئەنسارۆڵلاى یەمەن کە سەرۆکایەتى دەستەى گفتوگۆکەرى ئەم گرووپەشى لە ئەستۆیە، لەم بارەوە گوتى "ئەمریکا باسى ئاشتى دەکات و دواتر دەست بە گەمارۆ دەکات و بەم شێوەیە خۆى مەحکووم دەکات. ئەمریکا هۆکارى درێژبوونەوەى شەڕ و زیادبوونى قەیرانى ئینسانییە لە یەمەن".
عەرەبستانی سەعوودی ڕۆژی شەممە ۹ی ڕەشەممە ڕایگەیاند هێرشی مووشەکی حووثییەکانى بۆ سەر ڕیازى پایتەختی عەربستان پووچەڵ کردووەتەوە. ند پرایس، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر هێرشی حووثییەکانى بۆ سەر عەرەبستانی سەعوودی مەحکووم و جەختی لەسەر هاوکاری عەرەبستان بۆ بەرگری لە بەرامبەر هێرشی گرووپەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی کردەوە.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە