دوو كەس لە كارمەندانی بنكەی سەربازی ئەمریكا بە هۆی هێرشی گرووپی سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد بریندار بوون

پەیامی کورد   ...  دوو كەس لە كارمەندانی بنكەی سەربازی ئەمریكا بە هۆی هێرشی گرووپی سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد بریندار بوون

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە نووسیویەتی، دوو کارمەندی بنکەی عەین ئەسەد کە دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە عێراق، لە کاتی هێرشی ئەمڕۆی گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، بریندار بوون.

ئەم بەرپرسە ئەمریکییە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە لەم هێرشە گەورەیەدا مووشەکی بالیستیک یش بەکارهێنراوە.

پێشتریش هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە لە کاتی هێرشکردنە سەر ئەم بنکە ئەمریکییە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە سەختی بریندار بووە.

چەند ساتێک دوای ئەو هێرشە، تاقمی تیرۆریستی مقاومەی ئیسلامی کە دەگوترێ لە ژێر پشتیوانی کۆماری ئیسلامیدایە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.

ئەم هێرشە مووشەکییە چەند کاتژمێرێک دوای كوژرانی پێنج ئەندامی هێزە تیرۆریستییەکانی سوپای قودس لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق ئەنجامدرا.ـــ


ئەم بابەتە 12008 جار خوێندراوەتەوە