دوو پڕۆژەی درووستكردنی سایلۆ و كارگەی بەرھەمھێنانی دانەوێڵە لە سلێمانی و دھۆك جێبەجێ دەكرێن

پەیامی کورد      ...    دوو پڕۆژەی درووستكردنی سایلۆ و كارگەی بەرھەمھێنانی دانەوێڵە لە سلێمانی و دھۆك جێبەجێ دەكرێن

بەڕێوبەری گشتی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە ھەمان شێوەی ھەولێر، دوو پڕۆژەی درووستكردنی سایلۆ و كارگەی بەرھەمھێنانی دانەوێڵە لە سلێمانی و دھۆك جێبەجێ دەكرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەزامەندی دراوە، كە ساڵانە گەنمی جووتیاران دەكڕن و دەكرێتە جۆرەھا دانەوێڵە لە ڕێگەی چەندین كارگەوە، بۆ ئەوەی گرینگی بە بەرھەمی ناوخۆیی بدرێت.

موخلیس سەلیم، بەڕێوبەری گشتی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند : "دوای ئەوەی لە شاری ھەولێر پڕۆژەی درووستكردنی سایلۆ و چەند كارگەیەكی دانەوێڵە جێبەجێ کرا، ڕەزامەندی دراوە كە لە ھەردوو پارێزگای سلێمانی و دھۆكیش ھاوشێوەی ھەولێر دوو پڕۆژە جێبەجێ بکرێت.''

سەلیم ووتیشی: "مەبەست لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە لەو سێ پارێزگایە ئەوەیە كە گرینگی بە بەرھەمی ناوخۆیی بدرێت و گەنم بكڕدرێت و لە كارگەكان بۆ درووستكردنی بەرهەمەكانی دانەوێڵە بەكار بھێندرێت، بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆییمان ھەبێت و پشت بە بەرھەمی دەرەوە نەبەستین".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ھەمان وەبەرھێنەرانی سلێمانی و ھەولێر، بە ھاوبەشی پڕۆژەكان لە ھەرسێ پارێزگاكە جێبەجێ دەکەن، ئەوەی ھەولێر دەستی پێ كردووە و ئەوانەی سلێمانی و دھۆكیش ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و دەست بە دروستكردنیان دەكرێت، بەڵام گەورەییی قەبارەی پڕۆژەکان بۆ ھەر پارێزگایەك بە گوێرەی پارێزگاكەیە."

پڕۆژەكەی ھەولێر كە دەستی پێ كردووە و، خۆی لە ٢٠ سایلۆی گەورەدا دەبینێتەوە، كە لە قۆناغی یەكەمدا ھەر سایلۆیەك توانای ھەڵگرتنی پێنج ھەزار تۆن گەنمی ھەیە و لە توانایدایە سێ ھەزار كەس لە دەرچووان و دەستی كار بخاتە سە ڕ ئیش، جگە لەوەش چەندین كارگەی بەرھەمھێنانی ئارد و ساوار و بڕوش و عەلەفی دەواجن و مەعكەڕۆنی و بنەتۆی جووتیاران لەو سایلۆ و كارگانەدا بەرهەم دەهێنرێت. ٨٥%ی پڕۆژەكەی ھەولێر تەواو بووە.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە