دوو پڕۆژەی گرینگ لە پارێزگای دهۆک جێبەجێ دەکرێت

پەیامی کورد      ...    دوو پڕۆژەی گرینگ لە پارێزگای دهۆک جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای دھۆك رایدەگەێنێت ، دوو پڕۆژەی تری وەبەرهێنان، كە لە پڕۆژەیەكی گەشتیاری و یەكێكی تری پیشەسازی پێكدێن، لە ناحیەی زاویتە و فایدەی سنووری پارێزگای دهۆك، جێبەجێ دەكرێن.

كوردۆ ئیحسان، رایگەیاند، لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای دهۆك بە تایبەتی، لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە دوو مۆڵەتی وەبەرهێنان بە دوو پڕۆژە درا، كە یەكێكیان گەشتیارییە و ئەوەی تریش پیشەسازییە.

بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆك، باسی لە پڕۆژە گەشتیارییەكە كرد و گوتی، پڕۆژە گەشتیارییەكە، پڕۆژەی (هەندرێنی گەشتیارییە)، كە دەكەوێتە ناحیەی زاویتە و گوژمەی تەرخانكراویش بۆ پڕۆژەكە، (1,128,000) دۆلارە، كە لەلایەن وەبەرهێنەرێكی ناوخۆیی دێتە جێبەجێكردن و،‌ لە 14 یەكەی موتێل و خواردنگە و ماركێت و كارگێڕیی پڕۆژەكە و شوێنی تایبەتی پێشوازی و پاركی ڕاوەستانی ئۆتۆمبێل و باخچە و سەوزایی، پێك دێت.

ناوبراو لەبارەی پڕۆژە پیشەسازییەكەشەوە روونی كردەوە، پڕۆژەی دووەم، پێك دێت لە (كارگەی بەرهەمهێنانی كلێنكسی تەڕ و وشك)، كە لە ناحیەی فایدەی سەر بە قەزای سێمێل بە گوژمەی (1,760,000) دۆلار لەلایەن وەبەرهێنەرێكی ناوخۆیی جێبەجێ دەكرێت، كە هۆڵی كارگەی سەرەكی و كۆگایەكی خاو، لەگەڵ كۆگایەكی بەرهەمی و كارگێڕیی پڕۆژەكە و شوێنی مانەوەی كرێكار و پاركی راوەستانی ئۆتۆمبێل و باخچە و سەوزایی و شوێنی خزمەتگوزاری لە خۆ دەگرێت.

كوردۆ ئیحسان دەشڵێ، لە ئێستادا مووڵەتەكانیان دەرچووە و تا ١٥ رۆژ پێویستە دەست بە كارەكانیان بكەن.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە