دژە تێرۆری کوردستان ڕاگەێندراوێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... دژە تێرۆری کوردستان ڕاگەێندراوێک بڵاو دەکاتەوە
دژه تیرۆری کوردستان لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر هەولێر راگەێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سێ درۆن بەر خانووی هاونیشتمانییەک لە نزیک گوندی براغ لە پارێزگای هەولێر کەوتن و درۆنێکیش لە چۆڵەوانییەکی چیای تارین کەوتە خوارەوە.
دژه تیرۆری کوردستان ئەمڕۆ شەممە لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ کاتژمێر ١:٥٠، سێ درۆن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە رێگەی خۆپێداکێشان خۆیان بە خانوی هاونیشتمانییەک لە باخچەکانی سەر رێی سێولە لە گوندی براغ نزیك کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر لە پارێزگای هەولێر دەدەن، کە دوو لەو درۆنانە دەتەقنەوە یەکێکیان ناتەقێتەوە، خۆشبەختانە وێرای زیانی ماڵی هیچ زیانێکی گیانی لێ ناکەوێتەوە، هاوکات درۆنێکیش لە چۆڵەوانییەکی چیای تارین دەکەوێتە خوارەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، درووشمی "السلام علیک یا جمال العراق، بسم لله قاسم الجبارین، یا صاحب الزمان، یا زهراو" لەسەر باڵی درۆنەکان نووسراوە.
دژه تیرۆری کوردستان باسی لەوەشکردوە، لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەکەن.
١٤ی (نیسان/٤)ی ئەمساڵیش ھێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، دواتریش وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ ھۆکاری تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، دەرکەوت ھێرشەکە لە رێگەی درۆنی تی ئێن تی کراو بوە و ئاراستەی بنکەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەناو فڕۆکەخانە کرا بو".
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە