دۆناڵد ترامپ : نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

پەیامی کورد   ...   دۆناڵد ترامپ : نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

چەند کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەکانی مەسقەت لەنێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ڤیتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە پرۆژەی ئەتۆمی ئێران کە پێدەچێت کۆبوونەوەیەکی ئاستەنگدار بێت، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند: نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا(ئێر فۆرس وان)، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ووتی: دەمەوێت ئێران ووڵاتێکی خاوەن شکۆ و جوان و پڕ لە خۆشگوزەرانی بێت، بەڵام ڕێگە نادەم ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

پێگەی ئەکسیووسی هەواڵی ئەمریکا بڵاوی کردبووەوە، بە قسەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترامپ ئامادەیە سازش بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران لەبارەی پرۆژە ئەتۆمییەکەی ڕێک بکەوێت.

دۆناڵد ترامپ پێداگرە لەوەی، پێویستە بەخێرایی لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن بکرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەگینا ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی دەبێتەوە.


ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە