دیمەشق داوایەک ئاراستەی ئێران دەکات

پەیامی کورد   ...  دیمەشق داوایەک ئاراستەی ئێران دەکات

دیمەشق داوا لە کۆماری ئیسلامی دەكات لە خاكی سووریاوە هێرش نەكاتە سەر ئیسرائیل

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری سەرچاوەیەك لە دیمەشق ەوە ئاشكرای كردووە كە حكوومەتی سووریا داوای لە کۆماری ئیسلامی و بریكارەكانی كردووە لە خاكەكەیەوە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نەدەن، بۆ ئەوەی شەڕێكی سەرتاسەری لەو ووڵاتەدا سەرهەڵنەدات.

ئەمەش بەر لە ساڵێك و لە میانی كۆبوونەوەیەكی ئۆنلاین لە ئینتەرنێتدا هاتووە، كە کۆماری ئیسلامی و پارتە پاڵپشتەكانی لە سووریا و عێراق، حیزبۆڵڵا لە لوبنان و یەمەن و هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی كۆكردبوەوە.

سەرچاوەكە ووتی، “بەهۆی ئەم داواكارییەوە، میحوەری مقاوەمە بە سەرۆكایەتی کۆماری ئیسلامی ، بنكەكانی ئەمریكایان لە سوریا كردە ئامانج، بە هیوای ئەوەی ئەمریكا فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی.”

لە پانزەی مانگی گەلاوێژدا، بنكەی تەنەف كە هێزەكانی ئەمریكا لەخۆدەگرێت، لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشی كرایە سەر، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی لێبكەوێتەوە.

بەئامانج كردنی ئەو بنكەیە ڕۆژێك دوای هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنەكانی نزیك تەڕتووس و دیمەشق هات، كە لە ئەنجامدا لانیكەم سێ ئەندامی هێزەكانی حكوومەت كوژران، بەپێی ئاژانسی “سانا”ی حكوومەتی سووریا.

هەفتەی ڕابردوو ئەمریكا بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شوێنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپەكانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سووریا ووڵامی دایەوە.

و گرووپە لایەنگرەكانی کۆماری ئیسلامی دەستیانكردەوە بە هەڵدانی مووشەكەكانیان ، لە كاتێكدا هێزەكانی ئەمریكا ووڵامی سەرچاوە مووشەكییەكانیان دایەوە بە هێرشی ئاسمانی زیاتر.

بەرپرسانی ئەمریكا بۆ ڕۆژنامەی تایمزیان باس كردووە كە ئەو هێرشانەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە پێشتر ئەنجامدراون ئاڵۆزترن لە هێرشەكانی پێشوو و لەوانەیە هەوڵێكی کۆماری ئیسلامی بووبێت بۆ ووڵامدانەوەی هێرشێكی ئاسمانی پێشووتری ئیسرائیل.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە