دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەێندراوێکدا هەواڵی  شەهید بوونی دوو پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند

پەیامی کورد      ...    دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەێندراوێکدا هەواڵی  شەهید بوونی دوو پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند

لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوو پێشمەرگەی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی بوون.

بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان شەوی ڕابردوو تێکهەڵچوونێکی قورس لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداران لە جادەی مەهاباد _ پیرانشار ڕووی دا.

هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ ی جۆزەردان بەرامبەر بە ٢٩ی مەی ٢٠٢١، دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە.

کە دەقی ڕاگەێندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەێندراوی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان 

خەڵکی خەباتگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان 

شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ڕێکەوتی٢٩ی ٥ی ٢٠٢١ تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر جادەی مەهاباد ـ پیرانشار نزیک گوندی " لکبن " دەکەونە بەر هێرشی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامدا دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی هادی شێخە خەڵکی پەسوێ و ئەیوب سۆڵتانی خەڵکی ئاوایی خورینج سەر بە شارستانی پیرانشار بەداخەوە شەهید بوون.
سەرەخۆشی لە هاوسەنگەران و بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین. 

ڕێگایان پڕ رێبوار بێ 

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی

ڕێکەوتی٢٩ی ٥ی ٢٠٢١


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە