دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەێندراوێک سەبارەت بە شەهید بوون و لە سێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسی سنە بڵا دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...   دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەێندراوێک سەبارەت بە شەهید بوون و لە سێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسی سنە بڵا دەکاتەوە

 ڕاگەێندراوی دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت لەسێدارەدانی شەهید حەیدەر قوربانی

دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەنیسبەت لەسێدارەدانی شەهید "حەیدەر قوربانی" لەلایەن ڕێژیمی بکوژی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەێندراوەکە بەم چەشنەیە:

ئازادیخوازانی جیهان!

گەلانی ڕزگاریخوازی ئێران!

خەڵکی نیشتمانپەروەر و خەباتکاری کوردستان!

بەداخەوە ڕادەگەینین کە جارێکی دیکەش دەسەڵاتی ڕێژیمی ئازادی کوژی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتەی نەتەوەکەمان، لاوێکی گەل خۆشەویست و دێموکراتی لە باوەشی دایکی نیشتمان ڕفاند.

 حکوومەتی بکوژی لاوانی کوردستان سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی دیسەمبەری ٢٠٢١ بەرامبەر بە ٢٨ی سەرماوەز، بە شەهیدکردنی "حەیدەر قوربانی"، لوولێکی تاریکتری هەڵپێچا سەر تۆماری دزێوی تاوانەکانی.

شەهید "حەیدەر قوربانی" کوڕی شەهید "عەلی" ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە هەڵکوترایە سەری و بە تاوانی ئەندامیەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداری لە بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا دەسبەسەر و پەلکێشی بەندیخانەکانی ڕێژیم کرا. لە ماوەی ٥ ساڵ دەسبەسەری لە بەندیخانەدا وێڕای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر  لە هەموو مافێکی بەندکراوێکی سیاسی تەنانەت لە چاوپێکەوتنی ئاساییش لەگەڵ خۆشەویستانی بێبەش کرابوو. شەهید حەیدەر قوربانی لەگەڵ ئەوەی هیچکام لە تۆمەتەکانی دەزگا ناقەزاییەکانی ڕێژیمی وەئەستۆ نەگرتبوو و پاڵپشتییەکی بەرینی ئازادیخوازان و بیروڕای گشتی بۆ ئازادکردنی لەپشت بوو، ڕێژیم سوور بوو لەسەر بە تاوانبار زانینی و سەرەنجام سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز لە بەندیخانەی سنە حوکمی داسەپاوی لەسێدارەدانی لەسەر بەڕێوە برد.

دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە