دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم : بۆ سەرتاسەری هەرێم‌ ٩ ناوچەی پیشەسازی گەورە درووستدەكرێن

پەیامی کورد     ...    دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم :  بۆ سەرتاسەری هەرێم‌ ٩ ناوچەی پیشەسازی گەورە درووستدەكرێن

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ڕایدەگەێنێت، لە ٢٠٢١ ئەو پڕۆژانەی مووڵەتیان پێدراوە ٦٨ پڕۆژە بوون بەگوژمەی ٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، ٩٠٢ پڕۆژەش لەهەموو ناوچەكان بەگوژمەی ٢٠ میلیار دۆلاری ئەمریكی پەسەندكراون، بۆ زیادبوونی دەستی كاری ناوخۆش مەرجە وەبەرهێن لە ٧٥٪ی كاری دەستی ناوخۆبێت.

د.موحەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢١ ساڵی وەبەرهێنان بووە و بەدووەم ساڵدا لەدوای ساڵی ٢٠١٣ەوە كەپڕۆژەی وەبەرهێنانی تێدا ئەنجامدراوە، ئەمەش نیشاندەری باشن سەڕەڕای بو,نی چەندان قەیران، بەڵام ئەو پارەیەی وەبەرهێنانی پێكراوە لەمساڵدا نزیك بووە لەو پارەیەی كەوا لە ٢٠١٣ وەبەرهێنانی پێكراوە كە بەلوتكەی وەبەرهێنان لەهەرێم ناسراوە، ئەمەش بەهۆی گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێك و دەركردنی ڕێنمایی نوێ تاوەكوو وەبەرهێنان بەشداربێت لەكۆكردنەوەی داهات، بەرنامەی حكومەتیش كە پشتوانی لەكەرتەكانی كشتووكاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێنان دەكات بۆ ئەوەی لەداهاتوو داهاتی باش بەدەست بێت، هەروەها دەسەڵاتەكانیش شۆڕكراونەتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، بۆئەوەی ئەوەی ڕۆتین كەم بكرێتەوە لەپێدانی مووڵەت و لەساڵی داهاتووش زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان مووڵەت وەربگرێت.

دەشڵێت”لە ٢٠٢١ ئەو پڕۆژانەی مووڵەتیان پێدراوە ٦٨ پڕۆژە بوون بەگوژمەی ٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، ٩٠٢ پڕۆژەش لەهەموو ناوچەكان بەگوژمەی ٢٠ ملیار دۆلاری ئەمریكی پەسەندكراون، بۆ زیادبوونی دەستی كاری ناوخۆش مەرجە وەبەرهێن لە ٧٥٪ی دەستی كاری ناوخۆبێت، هەروەها ١١ئامادەیی و پەیمانگەی پیشەیی پەسەندكراون تاوەكو خەڵك بۆبازاڕی كار دروست بكەن لەدانیشتوانی هەرێم بۆ پڕۆژەكان، لەهەمان كاتدا بۆساڵی ٢٠٢٢ یش نەخشەی وەبەرهێنان درووست دەكەن”‌.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوەشكرد، داوای دابینكردنی زەوی پێویست دەكەن‌ و ٥٠ پڕۆژە ئامادەكراوە بۆ سەرتاسەری هەرێم‌ و ٩ ناوچەی پیشەسازی گەورە درووست دەكرێن، بەنیازین لە ٢٠٢٢ چەند ناوچەیەكی پیشەسازیش لەدهۆك و سلێمانی تەواوبكرێت، لە ساڵی ٢٠٢٢ دوو كۆنفرانسی گەورەی ژینگەیی‌ و كشتوكاڵی لەهەرێم ئەنجام دەدەین.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پڕۆژانەی لەساڵی ٢٠٠٦ ەوە مۆڵەتیان پێدراوە هەزارو ٨٦ پڕۆژە بوەو ١٥٠ پڕۆژە مووڵەتەكانیان هەڵوەشاوەتەوەو هەزارو ١٦ پڕۆژەی مووڵەتدراو ئێستا لەكاردان‌و ئەوانەش هەڵوەشاوەتەوە دراونەتە وەبەرهێنەری ترو هەوڵەكان بەردەوامە بۆ چارەسەری كێشەی ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێ بوون كە هاووڵاتیان كێشەیان لەگەڵیان هەبووە، بەتایەت پڕۆژەكانی دەشتی بەهەشت‌ و فلۆریا سیتی‌ و چەندان پڕۆژەی تر زیاتر لە ١٠٠هەزار دۆلاریان داوەو هیچ یەكەیەكیان بۆ درووست نەكراوە.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە