دەستەی وەبەرهێنان ئەمساڵ ٨٨ پڕۆژەی جۆراوجۆری پەسەند کردووە
پەیامی کورد ... دەستەی وەبەرهێنان ئەمساڵ ٨٨ پڕۆژەی جۆراوجۆری پەسەند کردووە
بەڕێوبەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ووتی، ئەمساڵ ٩٣ پڕۆژە لە بواری جیاجیا پێشکەشی دەستەی وەبەرهێنان کراوە، ٨٨ پڕۆژەیان پەسەند کراوە و ئێستا مامەڵە دەکەن بۆ ئەوەی مووڵەتیان پێ بدرێت و دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.
بەڕێوبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، سەربەست خدر، ڕایگەیاند : "ئەمساڵ ٩٣ پڕۆژە پێشکەشی دەستەی وەبەرھێنان کراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن و لەو ژمارەیە ٨٨ پڕۆژە لەلایەن دەستەی وەبەرھێنانەوە پەسەند کراوە."
بەڕێوبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ووتیشی: "ئەو پڕۆژانەی کە وەبەرھێنەران پێشکەشکەشیان کردوون لە چەندین سێکتەری جیاوازن و پەسەندیش کراون بۆ ئەوەی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە."
سەربەست خدر ڕوونیشی کردەوە: "٢٠ پڕۆژە لە بواری بازرگانی بە سەرمایەی ٢٣٦ ملیۆن و ١٥٦ هەزار و ٥٣١ دۆلار و، ١٤ پڕۆژە لە بواری پیشەسازی بە سەرمایەی ٢٧١ ملیۆن و ٨٤٦ هەزار و ٤٦٧ دۆلار و، ھەشت پڕۆژەش لە بواری کشتوکاڵ بە سەرمایەی ٧٢ ملیۆن و ٤٢٢ هەزار و ٤٥٠ دۆلار پەسەند کراون.''
سەربەست خدر باسی لەوەش کرد: "ئەو پڕۆژانە بۆ ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆکن و ئێستا پەسەند کراون و لەژێر مامەڵەدان بۆ ئەوەی مووڵەتیان پێ بدرێت و دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت."
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە