دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە سکرتێری گشتی پارتی رەنجدەرانی کوردستان کرد
پەیامی کورد ... دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە سکرتێری گشتی پارتی رەنجدەرانی کوردستان کرد
دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە سکرتێری گشتی پارتی رەنجدەرانی کوردستان کرد، لە دیدارەکەشدا تیشک خرایە سەر دوا پەرەسەندنەکان و ئەگەرەکانی داھاتووی بەردەم پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات ھەردوولا جەختیان لە بەھێزترکردنی ھەماھەنگی و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و، یەکڕیزی نێوان سەرجەم ھێز و لایەنە کوردستانییەکان کردەوە.
ئەمڕۆ، سێ شەممە ڕێکەوتی ١٩ی ١٢ی ٢٠٢٣، شاندێکی باڵای پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان بە سەرۆکایەتی باپیر کامەلا، سکرتێری گشتی پارتی ناوبراو، سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە پیرمام کرد و، لە لایەن فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕ و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازییان لێکرا.
لەدیدارەکەدا، بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و عێراق و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی گفتوگۆیان لە بارەوە کرا و تیشک خرایە سەر دوا پەرەسەندنەکان و ئەگەرەکانی داھاتووی بەردەم پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، ھەردوولا جەختیان لە بەھێزترکردنی ھەماھەنگی و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و، یەکڕیزی نێوان سەرجەم ھێز و لایەنە کوردستانییەکان کردەوە لە پێناو پاراستن و بەھێزکردنی ئەزموون و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و، دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵ.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، تەئکید لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە کە وا بڕیارە مانگی شوباتی ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت، بۆ ئەمەش بە ئەرکی سەرجەم لایەنەکان زانرا کە ھاوکار و پاڵپشتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بن.
لە کۆتاییدا، ھەردوولا بەردەوامی سەردان و کۆبوونەوەی نێوانیان و نێوان لایەنە سیاسییەکانیان بەپێویست و گرنگ زانی.
ئەم بابەتە 12005 جار خوێندراوەتەوە