دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە مەکتەبی سکرتاریەتی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان کرد
پەیامی کورد ... دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە مەکتەبی سکرتاریەتی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان کرد
دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە مەکتەبی سکرتاریەتی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان کرد، لە دیدارەکەشدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی نۆیەمین کۆنگرەی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان کرا.
پێشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە ، رێکەوتی ١٨ی ١٢ی ٢٠٢٣، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام ، بەرپرس و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازییان لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا کە بەرپرسی بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیی یەکانی پارتیش ئامادەی بوو، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وێڕای بەخێرھێنانی ئامادەبووان، تیشکی خستە سەر مێژوو و خەباتی ڕێکخراوی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان وەکوو دێرینترین ڕێکخراو، ھەروەھا گرینگی و کاریگەری ئافرەتانی لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانیماندا خستەڕوو.
فازڵ میرانی ئاماژەی بە ڕۆڵی یەکێتی ئافرەتان کرد لە پێگەیاندنی دەیان ئافرەتی سەرکردە و دڵسۆز بۆ جومگە کاریگەرەکانی ناو حزب و حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکە، ھاوکات پێگەی ئافرەتانی کوردستانی بەرز نرخاند وەکوو دایک و خوشکی پێشمەرگە و، وەکو مامۆستایەکیش بۆ پێگەیاندنی نەوە لە دوای نەوەی کوردستان و گۆشکردنی ڕۆڵەکانمان بە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمان پەروەری و خوشەویستی خاک و نیشتمان.
لەبەرامبەردا، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی و ھەڤاڵانی مەکتەبی سکرتاریەتی بە دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان لە یەکیتی ئافرەتان و پلان و بەرنامەکانی ئەو ڕێکخراوە بۆ خزمەتکردنی توێژی گرینگی ئافرەتانی کوردستان و، پاڵپشتی جەنابی سەرۆک بارزانی و بەڕێزان جێگرانی سەرۆک و پارتی و بەرگریکردنی بەردەوامیان لە ماف و ھێنانەدی خواست و داواکارییەکانی ئافرەتان و دایکانی کوردستان، بە گرینگ و جێگای شانازی باس کرد.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کرا و ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بۆ نوێکردنەوە و پێشخستنی ڕێکخراوەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە کە ووڵامدەرەوەی خواست و ویستی ئافرەتانی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی قۆناغەکەبێت، خرانەڕوو.
لە کۆتاییدا فازڵ میرانی سوپاس و پێزانینی خۆی و مەکتەبی سیاسی بە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و سەرجەم کادیر و ئەندامانی یەکیتی ئافرەتان ڕاگەیاند کە توانیویانە لە ماوەی ڕابردوودا ئەرکەکانی سەرشانیان بە باشی بەجێ بگەێنن و ھیوای خواست کە کۆنگرەی نۆیەم بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت و ببێتە وێستگەیەکی دیکەی گرینگی ئەو ڕێکخراوە تێکۆشەرە و ھێز و توانایەکی دیکە بە کادیران و خۆبەخشانی ڕێکخراوەکە ببەخشێت لە پێناو خزمەتی زیاتری ئافرەتانی کوردستان کە شایەنی زۆرترین خزمەتن.
ئەم بابەتە 12005 جار خوێندراوەتەوە