دەوڵەتی بایدن بە نیازی بڕیارێکی گرینگە سەبارەت بە دانووستانەکانی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دا

پەیامی کورد     ...    دەوڵەتی بایدن بە نیازی بڕیارێکی گرینگە سەبارەت بە دانووستانەکانی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دا 

 دەوڵەتی جۆ بایدن بەنیازە لەماوەی هەفتەکانی داهاتوودا دانووستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ بێنێ

بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە، دەوڵەتی جۆ بایدن بەنیازە گەیشتن بە ڕێککەوتنی بەرجام لەماوەی ٦حەوتووی داهاتوودا لەگەڵ دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی کۆتایی پێبێنێ.

ئەمڕۆ شەممە ، ماڵپەڕی هەواڵی “ئەکسیۆس” ڕایگەیاند کە بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەمریکی ڕایگەیاند : ئەگەر دانووستانەکان تا مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ و تا ئەو کاتەی کە دەسەڵاتی سەرۆککۆماری لە ئێران ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ، درێژەی هەبێ، لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەرێنی نیگەرانییەکی زۆر و جیددی دێنێتە ئاراوە و کۆماری ئیسلامیش گرینگی بەو ڕێککەوتنە نادا بەڵکوو تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە.

هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئەوەشی ڕاگەیاند کە، هۆکاری نیگەرانییەکان ئەوە نییە کە دەوڵەتێکی دیکە دوای ڕۆحانی بێتە سەرکار و لەگەڵ ئەو دژوارتر بتواندرێ درێژە بە دانووستانەکان بدرێ بۆ ژیانەوەی بەرجام، بەڵکوو ڕێژیمی ئێران دەیان سەرکۆماریش بگۆڕێ هەمان یاسا پەیڕەو دەکا، مەگەر ئەوەیکە بە یەکجاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەناو بچێت، هەربۆیە تا دانووستانەکان بەرەو پێش نەچن، شانسی سەرکەوتن کەمترە.

ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێ، ئەوەشی خستەڕوو کە، کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەی کە دانووستانەکان لە ڤییەنا دەستی پێکردووە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەناوە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دایە کە ئەمریکا گەمارۆکانی کەم بکاتەوە.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە