د. بەشیر حەدداد سەبارەت بە کاتی ناردنی ٢٠٠ میلیارد دینارەکەی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک دەدات

پەیامی کورد      ...   د. بەشیر حەدداد سەبارەت بە کاتی ناردنی ٢٠٠ میلیارد دینارەکەی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک دەدات

د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەئێستادا لیژنەی تەکنیکی بەغدا لە هەرێمی کوردستان کاری ووردبینی دەکەن و تاتەواوبوونی کارەکانیان بەغدا بڕیاریداوە ٢٠٠ ملیار دینار بنێرێت، بۆیە پێشبینی دەکەن پێش کۆتایی ئەم مانگە ئەو پارەی رەوانەی هەرێم بکرێت.

د.بەشیر حەداد لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا دوای سەردانیکردنی قایمقامیەتی قەزای سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ وەک شاندێکی پەرلەمان بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ناوچە سنوورییەکان سەردانی ناوچەکەیان کردوە و راپۆرتی خۆیان لەسەر ناوچە سنوورییەکان ئاڕاستەی پەرلەمان دەکەن.

لەبارەی ناردنی پشکی هەرێمیش ووتی، کۆتایی ئەم مانگە بەغدا ٢٠٠ میلیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و "ئەوانەی ئاستەنگ درووست دەکەن چەند لایەنێکن دژی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەو کارە دەکەن و بۆ کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک رێکلامێک بۆ هەڵبژاردنەکان وەکوو موزایەدەیەکی سیاسی ئاستەنگ بۆ ناردنی پارەکە درووست دەکەن".
 
١٥ی ئەم مانگەش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا  مانگانە ٢٠٠ میلیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بڕیارەکەش تا ئەو کاتە کاری پێدەکرێت کە ووردەکاری دارایی نێوان هەرێم و بەغدا رێکدەخرێت و دواتریش بڕی پارەکە زیاد یان کەم دەکات.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە