راوێژكاری سەربازی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داعش هۆشداری دەدات

پەیامی کورد     ...    راوێژكاری سەربازی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داعش هۆشداری دەدات

ڕاوێژكاری سەربازی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، رێكخراوی تیرۆریستی داعش جارێكی دیكە لە عێراق خۆی نوێ كردووەتەوە و دووبارە خۆی رێكخستووەتەوە، ئێستاش نەك تەنھا لە ناوچە كوردستانییەكان، بەڵكو لە ھەموو عێراق سەریان ھەڵداوەتەوە و ئەگەر چارە نەكرێت، زۆر بەھێزتر دەبن.

بابەكر زێباری، ڕایگەیاند : "تیرۆریستانی داعش لە ھەموو ناوچەكان جمووجۆڵیان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و سەرلەنوێ خۆیان رێكخستووەتەوە، پێشتریش ناوچەكانیان داگیر دەكرد بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی درووست بكەن و شەڕی ووڵاتانی بیانی پێ بكەن كە دواتر سەری نەگرت، بۆیە ئێستا شەڕی پارتیزانی دەكەن كە چوار ساڵ دەبێت خۆیان دروست كردووەتەوە، جگە لەوەش پێشتر داعشەكان مەغریبی و چیچانی و توونسی و خەڵكی ووڵاتانی دیكە بوون، بەڵام ئێستا ھەمووی عێراقین و بە رۆژ كاری خۆیان دەكەن و شەوانەش داعشن، پێشتر ھەوڵدەدرا بزانرێت كێ ئەوانە ھان دەدات خۆیان بتەقێننەوە لە ووڵاتان، ئێستا عێراقییەكان خۆیان ئەو كارە دەكەن".

زێباری ووتیشی، ئێستا لە عێراق ئەوەی ستەمی لێ بكرێت، خۆی دەكات بە داعش، بۆیە گەر حكوومەتێكی راستگۆ نەبێت و دادپەروەری نەبێت، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، چوونكە داعش تەنھا لە ناوچە كوردستانییەكان نییە، بەڵكوو لە هەموو ناوچەكانی عێراقیش سەریان ھەڵداوە و لە ئەنبار لە سنووری ئوردن و سووریا بۆسەیان بۆ ھێزەكانی عێراق داناوە، چونكە ئەو ناوچانە چیای زۆرە، بۆیە زۆر زەحمەتە بتواندرێت لەو ناوچانە داعش لەناو ببرێت و لە چیای حەمرینیش بە ھەمان شێوە.

راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، داعش كە دەچنە ناوچەكانیش، خەڵكی ناوچەكان ھاوكارییان دەكەن و ئەوانیش زیاتر بەھێز دەبن، بۆیە چارەسەری زەحمەتە ئەگەر بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە نەكەن و چارەیەكی گونجاو نەدۆزنەوە، ئەوا داعش ھەر بەھێزتر دەبێت و زیاتر كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە