رووسیا فەرماندەیەکی نوێ بۆ شەڕی ئۆکراین دەست نیشان کرد
پەیامی کورد ... رووسیا فەرماندەیەکی نوێ بۆ شەڕی ئۆکراین دەست نیشان کرد
لەدرێژەی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی سوپای رووسیا لە شەڕی ئۆکراین و زیادبوونی ناڕەزایەتییەکانی دەستەبژێری رووسیا لە خراپی ئیدارەدانی جەنگی ئەو ووڵاتە، سوپای ئەو ووڵاتە دوێنێ شەممە فەرماندەیەکی نوێی بۆ فەرماندەییکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەی لە ئۆکراین دیاریکرد.
وەزارەتی بەرگری رووسیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی تێلێگرام رایگەیاند: "ژەنەڕاڵی سوپا سێرگی سۆرۆڤیکین وەک فەرماندەی نوێی هێزە هاوبەشەکانی سوپای رووسیا لە ناوچەی ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت" لە ئۆکراین دەستنیشانکراوە.
سورۆڤیکینی تەمەن 55 ساڵ، پێشتر بەشداری لە شەڕی ناوخۆی تاجیکستان ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا کردووە، هەروەک بەشداری لە جەنگی دووەمی چیچان لە کۆتایی ساڵی نەوەدەکان و بەشداری لە دەستێوەردانی ڕووسیا لە سووریا کە لە ساڵی 2015 کردووە.
ئەم بڕیارە، کە لەلایەن مۆسکۆوە ڕاگەیندراوە، دوای زنجیرەیەک شکستی گەورەی سوپای ڕووسیا لە ئۆکراین دێت، بەتایبەت کە هێزەکانی ڕووسیا لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا لە گەورەترین بەش لە ناوچەی خارکیڤ (باکووری ڕۆژهەڵات) لەئەنجامی دژە هێرشێکی سوپای ئۆکرانیا دەرکران ، ئەمەش ڕێگەی بە کیێڤ دا کە هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکەکەی کۆنترۆڵ بکاتەوە.
هەروەها هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی خێرسۆن لە باشووری ئۆکراین 500 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوییان لەدەستدا و بە سەختییەکی زۆر لە گەمارۆی دەورووبەری شارۆچکەی ستراتیژی لیمان ڕزگاریان بوو کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکراین دایە.
ئەم شکستانە گەورانە رەخنەیەکی زۆری لای دەستەبژێرانی ئەو وڵاتە لێکەوتەوە، بەشێوەیەک ڕەمزان قادیرۆڤ ڕێبەری چیچانییەکان هێرشی کردە سەر سەرکردایەتی سەربازی رووسیا، لە هەمان کاتدا ئەندرێ کارتاپۆلۆڤ سەرۆکی پەرلەمانی ئەو ووڵاتە بە ئاشکرا داوای لە سوپا کرد "واز لە درۆ بهێنێت و راستییەکان ئاشکرا بکەن".
گۆڕینی فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکراین هاوکات بوو لەگەڵ تەقینەوەیەک کە بەشێکی پردی کەریمەی وێران کرد، کە ڕێگایەکی سەرەکی پێکدەهێنێت بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو نیمچە دوورگەیە و هێزەکانی رووسیا لە ئۆکراین.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە