زانیاری گرینگ سەبارەت بە کاتی گەیشتنی ٣٢٠ میلیارەکەی هەرێم لە بەغداوە
پەیامی کورد ... زانیاری گرینگ سەبارەت بە کاتی گەیشتنی ٣٢٠ میلیارەکەی هەرێم لە بەغداوە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامێکی بەشداری لەدانووستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا رایدەگەێنن سەرەڕای ئەوەی ١٢ـی ئەم مانگە پەرلەمان لەرێگەی یاسای قەرزەوە مەترسی لەسەر پشکی هەرێم و مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی کوردستان درووستکرد، بەڵام لەئێستادا حکوومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە رەوانەکردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی پشکی هەرێم دووپاتکردوەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا پارەکە رەوانەی هەرێم بکرێت و دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە ئەمڕۆ نامەیەکی فەرمی دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە، لەنامەکەدا "داوام لە کازمی کردوە موچەی مانگی ١٠ خەرجبکات چوونکە مووچەی ئەو مانگە پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە نیە و یاسای قەرز لە ١٢ـی مانگی١١ دا دەرچووە، بۆیە پێویست دەکات لە وادەی خۆیدا مووچەی مانگی ١٠ رەوانەبکرێت و دواتر کە شاندی دانووستانکاری هەرێم هاتە بەغدا و ئەو کات قسە دەکەن لەسەر ئەو بنەمایە دواتر پشکی هەرێم بەرێژەیەکی جیاوازتر بنێرە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کازمی خۆی خواستی ئەوەی هەیە مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکات، بەڵام ئەو فشاری لەسەرە و بۆیە ئەو نووسراوەم کرد تا ببێتە بەڵگەیەکی یاسایی لە پەرلەمانی عێراقەوە بۆ حکوومەت کە رەوانەکردنی مووچەی مانگی ١٠ پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە نیە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیوەست بە وادەی رەوانەکردنی مووچەش ئەوەی خستەڕو، "هاوشێوەی مانگەکانی پێشووتر پشکی هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی مووچەی مانگانە لە عێراق رەوانەدەکرێت و ئەویش لە یەک دوو رۆژی داهاتودا تەواودەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەم رۆژانەدا پشکی هەرێم رەوانەبکرێت ئەگەر ئەو فشارەی لەسەر کازمییە زۆر نەبێت و رێگری لێ نەکرێت، ئەگەر نا بڕیاری ناردنی پشکی هەرێم هیچ گرفتێکی یاسایی نیە".
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە چاوەڕێ دەکرێت لەهەفتەی داهاتوودا و بەر لەسەردانەکەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ٣٢٠ ملیارەکەی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە رەوانە بکرێت.
هەروەها ڕاگەێندراوە کە ٣٢٠ ملیارەکەی پشکی هەرێمی کوردستان پەیوەست نیە بە یاسای قەرز، چوونکە پێشووتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتون تاکۆتایی ئەمساڵ بەغدا بەردەوام بێت لە ناردنی پشکی کوردستان بۆ گەرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئەوەشی خستەڕوو، شاندی دانووستانکاری هەرێم لەچەند رۆژی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەکاتەوە و دۆسیەی نەوت، بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ و شایستە داراییەکانی هەرێم کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدڕاڵ دا تاوتوێ دەکات.
ئەم بابەتە 12015 جار خوێندراوەتەوە