زلێنسکی : لەسەرجەم ناوچەکانی ئۆکراین ، سەربازانی ڕووسیا دەکەینە دەرەوە
پەیامی کورد ... زلێنسکی : لەسەرجەم ناوچەکانی ئۆکراین ، سەربازانی ڕووسیا دەکەینە دەرەوە
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ هەینی لەمیانەی بەشداریکردنی لەکۆنفڕانسی ئاسایشی میوونشن رایگەیاند، ڕووسیا وێرانکاری بۆ ئەورووپا هێناوە، بەڵام متمانەی تەواوی بەهێزەکانی ووڵاتەکەی هەیە و سەرکەوتن بەسەر رووسیا تۆماردەکەن.
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی لە ووتارێکی ڤیدیۆيی دا بۆ کۆنفڕانسی ئاسایشی میوونشن رایگەیاند، "پێویستمان بە خێراکردنی گەیاندنی چەک بۆ ئۆکراین هەیە و هیچ بەدیلێک لە ئارادا نییە تا ئێمە بتوانین بەردەوام بین لەشەڕکردن و بەرگری کردن لەخاکەکەمان".
ووتیشی، "ئۆکراین پێویستی بە فڕۆکەی شەڕکەر هەیە بە زووترین کات تا بتوانین بەر بە وێرانکارییەکانی ڕووسیا بگرین و بەرپەرچی هێرشەکانیان بدەینەوە".
بە ووتەی زلێنسکی، کرێملین وێرانکاری بۆ ئەورووپا هێناوە و دەشڵێت، "ئۆکراین پێویستە ئەندامێکی یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ بێت تا بتوانێت لەبەرگریکردن بەردەوام بێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ سازشێک لەسەر ڕزگارکردنی هەموو خاکەکانی ئۆکراین لە دەستی داگیرکاری ڕووسیا نییە و سازش لەسەر هیچ پارچە خاکێکمان ناکەین و لەسەرجەم ناوچەکانی ئۆکراین ، سەربازانی ڕووسیا دەکەینە دەرەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، متمانەی تەواوی بە توانای ووڵاتەکەی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بەرامبەر ڤلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا و لایەنگرانی".
پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە، ئینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاند، "جەنگی ئۆکراین کاریگەری لەسەر ئاسایشی جیهان هەیە نەک تەنها کیشوەری ئەورووپا، لەئێستاش دا ڕووسیا لە سەر زەویدا زیانێکی گەورەی بەرکەوتوە".
ووتیشی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بۆ ئۆکراین".
هاوکات، بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگری ئاڵمانیا رایگەیاند، "لە ئێستادا ناتوانرێت سیستەمی پاتریۆت بۆ ئۆکراین دابین بکرێت".
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە