" زمانی کوردی " لە خزمەتگوزارییەکانیانی چەندین ووڵات زیاد دەکرێت

پەیامی کورد     ...  " زمانی کوردی " لە خزمەتگوزارییەکانیانی چەندین ووڵات زیاد دەکرێت

لەگەڵ زیادبوونی ڕەوەندی کوردی لە ووڵاتانی جیهان، بەکارهێنانی زمانی کوردیش لەلایەن حکوومەتەکان، دامەزراوە تایبەتەکان و ڕێكخراوەكان بۆ خستنەڕووی خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانیان بۆ بەکارهێنەری کورد زیادی كردووە.

بۆ نموونە، کاتێک دەچیتە سەر بەشی کوردی ماڵپەڕی حکومەتی ئوسترالیا، دەتوانی بە شێوەزارەکانی سۆرانی و کرمانجی لەبارەی سیاسەت و یاساکانی ئەو وڵاتە بۆ کۆچبەران، مافی پەنابەری، مافی کارکردن و تەندرووستی بخوێنیتەوە.

هەروەها ژمارەیەک پادکەست لە ماڵپەڕەکە دانراون بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان جگە لە خوێندنەوە، بە بیستنیش ئاگاداری ڕێنوێنییەکان بن.

بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ ی ئوسترالیا، نزیکەی ١٠ هەزار کورد لەو ووڵاتە دەژین.

لە بەشێک لە ووڵاتە ئەورووپاییەکان، بەکارهێنانی زمانی کوردی تەنیا لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکوو ژمارەیەک پارتی سیاسیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بە زمانی کوردی بەرنامە و پلانی خۆیان بڵاو دەکەنەوە بۆ ئەوەی سەرنجی دەنگدەری کورد بۆ لای خۆیان ڕابکشێن.

بۆ نموونە، پارتی گەلی کریستیانی نۆڕوێژ، لە هەڵبژاردنەکانی ١٣ی سێپتەمبەر ٢٠٢١ / ٢٢ خەرمانانی ٢٧٢١ ئەمساڵدا، بە شێوەزاری کرمانجی پلانی خۆی بۆ پاراستنی بەهاکانی نۆڕوێژ، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئازادی خێزانەکان بۆ رێگری کردن لە منداڵ بوون، پاڵپشتی کردنی ئەو خێزانانەی کەسانی بەتەمەنیان هەیە، دابینکردنی هەلی کار و پەروەردە بڵاو کردەوە، لە کاتێکدا کە ئامارە نافەرمییەکان پێشانی دەدەن نزیکەی ٢٥ هەزار کورد لەو ووڵاتە دەژین.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە