زیاتر لە نیوەی بیرەکانی ئاو لە ھەولێر ووشک بوون

پەیامی کورد    ...    زیاتر لە نیوەی بیرەکانی ئاو لە ھەولێر ووشک بوون

ووشکەساڵ کاریگەری لەسەر ئاوی ژێر زەوی ھەبووە و بەڕێوبەری گشتی ئاوی ھەرێمیش دەڵێت، نزیکەی ٦٠%ی بیرەکانی ھەولێر و دەورووبەری ووشک بوون و دەشڵێت، بەو بوودجەیەی سەرۆکی حکوومەت دابینی کردووە کێشەی کەم ئاوی چارەسەر دەکەین.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاو، ڕایگەیاند: "چاوەڕێی نووسراوی وەزارەتی دارایی دەکەین بۆ خەرجکردنی ئەو حەوت ملیار دینارەی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەرکردنی کەم ئاوی ھەولێر تەرخان کراوە و، دەست بە ئامادەکاری دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە، بەتایبەتی ئەو بیرانەی ووشک بوون لەگەڵ ژمارەیەک بیری نوێ بەو پارەیە لێدەدرێن کە ژمارەیان ١٣٨ بیرە و دەکاتە ٨%ی بیرەکانی سنووری ھەولێر.''

بەڕێوبەری گشتی ئاو ڕوونی کردەوە: ''بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییەوە نیوە زیاتری ئەو بیرانەی ئاو بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکەن، ووشک بوون و دەتوانم بڵێم ٦٠%ی بیرەکان ووشک بوون، ھەموو ئەو بیرانەی ووشک بوون و ئەوانەی نزیکن لە ووشکبوونیش بیری بەدیلیان بۆ لێدەدرێت.''

ئاری ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دابینکردنی ئەو بوودجەیەی دوێنێ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر درا، ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین کێشەی کەم ئاوی لە شاری ھەولێر و دەرووبەری چارەسەر بکەین، چوونکە پارەکە بۆ ئاوی ھەولێر و دەوروبەر و بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی کەم ئاوییەوە.''

 


ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە