زێباری: هێزی پێشمەرگە جێی متمانە و کاریگەرە، بۆیە هاوپەیمانان بەردەوام پاڵپشت و هاوکارین

پەیامی کورد   ...  زێباری : هێزی پێشمەرگە جێی متمانە و کاریگەرە، بۆیە هاوپەیمانان بەردەوام پاڵپشت و هاوکارین

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ووتی، هاوپەیمانان بۆیە لە هاوکاری و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامن، چوونکە هێزێکی کاریگەرە و جێی متمانەن و تاکە هێزە لە جیهان کە شەڕی پارتیزانی دژی تیرۆر دەکات، بۆیە بەردەوامن لە هاوکاریکردن و چاومان لە هاوکاری زیاترە، ئەمەش وای کردووە هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو بێت.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ووتی: ''هاوپەیمانان بەردەوام هاوکاری هێزی پێشمەرگە بوون لە یەکخستن و دابینکردنی پێداویستی لۆژیستی و چەک و تەقەمەنی و هاوکاری ماددی و مەشق و ڕاهێنان، بەڵام چەند هاوکار بن هەر کەمە، بۆیە داواکاری بۆ ئەوی هاوکاری زیاتر بکەن زۆر گرینگە و ئەو داواکارییەی لە هاوپەیمانانیش دەکرێت ئەوەیە کە ئەوانیش لەبەر عێراق ناتوانن هەموو جۆرە هاوکارییەک بکەن، لەبەر ئەوەی ڕێگری دەکەن.''

بابەکر زێباری ووتیشی: ''پشتگیری و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە هێزێکی گەورەیە بۆ پێشمەرگە، چوونکە کەم نییە هاوپەیمانان پشتگیریت بکەن و پێشمەرگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قورسایی هەیە و بۆ هەرێمی کوردستانیش گرینگە، لەبەر ئەوەی لە شەڕی تیرۆردا هاوپەیمانان بەردەوام لەگەڵ پێشمەرگە هاوکارن.''

زێباری باسی لەوەش کرد: ''جدیات و کاریگەری و بەوەفابوونی پێشمەرگە و ڕاستگۆیی بەرامبەریان وای کردووە کە زیاتر لە هێزە عێراقییەکان گرنگی بە هێزی پێشمەرگە بدەن، بۆیە پێشمەرگە لە هێزەکانی دیکە جیاوازە و 19 ساڵە حزبی بەعس ڕووخاوە، هاوپەیمانان ڕۆژێک لە هەرێمی کوردستان تووشی کێشە نەبوون و هەمیشە جێی متمانە بوون.''

ووتیشی: ''هێزی پێشمەرگە هێزێکی سەربازییە و زۆریش لە شەڕکردن زیرەکن و لە شەڕی تیرۆریش کە شەڕی پارتیزانییە پێشمەرگە زۆر شارەزا و لێهاتووە، چوونکە ئەوەی لە جیهان بتوانێت شەڕی پارتیزانی بکات، پێشمەرگەیە.''


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە