زێلێنسکی : ئۆکراین ئامادەیە هێرشەکانی سەر ژێرخانی ووزەی ڕووسیا ڕابگرێت

پەیامی کورد   ...   زێلێنسکی : ئۆکراین ئامادەیە هێرشەکانی سەر ژێرخانی ووزەی ڕووسیا ڕابگرێت

دوای وتووێژ لەگەڵ دۆناڵد ترامپ هاوتا ئەمریکییەکەی، سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی ووزەی ڕووسیا.

بە پێی ڕاپۆرتێک لە ئەلجەزیرە ئینگلیزییەوە، ڤلۆدێمیر زێلێنسکی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: یەکێک لە هەنگاوە یەکەمەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ دەتوانێت ڕاگرتنی هێرشەکان بێت بۆ سەر کەرتی ووزە و ژێرخانی مەدەنی دیکە.

لە درێژەی قسەکانیدا ووتی: من پشتگیریم لەم هەنگاوە کرد، ئۆکراین یش ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا، سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند: "تیمەکانی ئۆکراین و ئەمریکا ئامادەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە سەعوودیە کۆببنەوە بۆ بەردەوامبوون لە هەماهەنگی هەنگاوەکان بەرەو ئاشتی". ڕاوێژکاران و نوێنەرەکانمان ڕاسپارد کە بە خێرایی ئەم کارە بکەن.

زێلێنسکی ڕوونیکردەوە: لە کۆبوونەوەکانی دواتردا نوێنەرانی هەردوو ووڵات دەتوانن لەسەر هەموو لایەنە پێویستەکان بۆ هەنگاونان بەرەو ئاشتی و گەرەنتی ئاسایشی بەردەوام بگەنە ڕێککەوتن.

زێلێنسکی هەروەها سوپاسی ترامپ ی کرد بۆ پاڵپشتییەکەی و زیادی کرد: خواستی ئۆکراین بۆ ئاشتی هۆکارێکە بۆ قبوڵکردنی پێشنیاری ئەمریکا بۆ ئاگربەستی بێ مەرج.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ووتی: من جەختم لە گرینگی چەمکی ئاشتی لە ڕێگەی دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکاوە کردەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خۆشحاڵی خۆی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین دەربڕی و ڕایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی "زۆر باش بووە" و نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە.

ئەم بانگەوازە یەکەم گفتوگۆیە لە نێوان ترامپ و زێلێنسکی لە دوای ئەو مشتومڕەی کە ١٩ ڕۆژ لەمەوبەر لە ئۆفیسی کۆشکی سپی ڕوویدا.

ڕۆژی سێشەممە 18ی ئازاری 2025، کە هاوتایە لەگەڵ 18 ئێسفاند 1403، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادێمیر پووتین ئەنجامدا، دوای ئەو گفتوگۆیە، لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆیدا نووسیبووی، ڤلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا، گفتوگۆیەکی زۆر باش و بەرهەمدار بوو. "ئێمە ڕێککەوتین لەسەر ئاگربەستی دەست بەجێی وزە و ژێرخانی ئابووری، بەو تێگەیشتنەی کە بە خێرایی کاردەکەین بۆ ئاگربەستێکی تەواو و لە کۆتاییدا کۆتاییهێنان بەم شەڕە زۆر ترسناکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین ".


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە