زەنگی شەڕ لەسەر سنووری دوو ووڵاتی بەهێز لێدەدرێت

پەیامی کورد   ...  زەنگی شەڕ لەسەر سنووری دوو ووڵاتی بەهێز لێدەدرێت!

لە نێوان چین و هێندووستان، ململانێ و ئاڵۆزی لەسەر سنوورەکانی هیمالایا گەیشتووەتە ئاستی شەڕ کە ٦٨ هەزار سەرباز لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی لاداخ لەسەر سنووری چین جێگیرکرابوون.

بەپێی هەواڵی هیندۆس تایمز، زەنگی جەنگ لەسەر سنووری چین و هێندووستان لێدەدرێت و بەر لە نۆزدەهەمین دانووستانەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی سنوورییەکان، ٦٨ هەزار سەربازی هێزی ئاسمانی هێندووستان لە ناوچەی لاداخ جێگیرکرابوون.

سەرچاوە سەربازییەکان هیندۆس تایمزیان ئاگادارکردۆتەوە کە سەربازەکان بە تەواوی کەرەستەی جەنگەوە گەیشتوونەتە ناوچەی سنووری، کە ٣٣٠ ئۆتۆمبێلی جەنگی و ٩٠ تانک و چەکی قورس و تۆپخانە لەناو کاروانە سەربازییەکەدا هەڵکەوتووە.

بڕیاردرا نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکان بە بەشداری نارێندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هێندووستان و شی جین پینگ سەرۆکی چین ئەنجام بدرێت.

سنوورێکی ٣٥٠٠ کم لە نێوان چین و هێندووستان هەیە کە ناوچەی چیای هیمالایا هێڵێکی ناکۆکییە و دەسەڵاتی دادوەری نادیارە. چین بەشێک لەو ناوچە سنوورییانە وەک خاکی خۆی دەناسێت و هێندووستانیش دەڵێت چین ٣٨ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەویەکانیان داگیرکردووە.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە