سامانە سرووشتییەکان : بڕیارە كۆمپانیایەكی نیشتیمانی لە بورای نەوت دابمەزرێت
پەیامی کورد ... سامانە سرووشتییەکان : بڕیارە كۆمپانیایەكی نیشتیمانی لە بورای نەوت دابمەزرێت
راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ووزە رایگەیاند : وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كار بۆ بەدامەزراوەییكردنی وەزارەت دەكات و بڕیارە كۆمپانیایەكی نیشتیمانی لە بورای نەوت دابمەزرێت، ئەوەش وا دەكات داھاتی ھەرێمی كوردستان زیاد بێت و كەرتی نەوتیش لە ھەموو بوارەكاندا رێكدەخرێتەوە.
د. بێوار خنسی، راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاندوە، "وەزیری سامانە وكار دەكات بۆ ئەوەی بە كرداری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەدامەزراوەیی بكات بەپێی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی ٢٠٠٧ دەرچووە، كە ئەو وەزارەتە لە ٩ دامەزراوەی زۆر گرینگ پێكھاتووە، كە بریتین لە رێكخستنەوەی پرۆسەی نەوت و گەڕان بە دوای نەوت و دۆزینەوە وھەڵكۆڵین و دەرخستن و گواستنەوە و پاڵاوتن، ئەوەش لە رێگەی دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نوێ بۆ ئەوەی ھەر یەك بەكاری خۆیان ھەڵسن، بێگومان ئەوەش وا دەكات كارەكان بە جوانی رێكبخرێن و بێ شك داھاتی ھەرێمی كوردستانیش زیاد دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حكوومەتی ھەرێم كۆمپانیای نیشتمانی نەوتیان دامەزراندبوایە، كە ناوی كۆمپانیای كیبكۆیە، ٢٠%ی داھاتی نەوتی ھەرێم لە ھەر كێڵگەیەك بۆ ئەو كۆمپانیایە بو، كە ئەو كۆمپانیایە جوان كارەكانی بەڕێوە دەبرد و ئەو ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتەی ئێستا بەرھەم دێت، داھاتی ٨٠ ھەزار بەرمیل نەوت بۆ ئەو دەبوو، كە داھاتێكی زۆر دەبوو و دەیتوانی لەگەڵ كۆمپانیای جیھانییەكانی وەكو شێل و تۆتەل ببێتە ھاوبەش و لە دەرەوەی ھەرێمی كوردستانیش كار بكات، كە ئێستا دەیتوانی زیاتر ھاوكاری ھەرێم بكات لە كاتی تەنگانەدا و ئێستاش باشە كاری لەسەر بكرێت و كارێكی كرینگە و كەرتی نەوت رێك دەخرێت و رونتریش دەبێت.
راوێژكارەکەی سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕو، ئەو كۆمپانیایە نەك تەنھا كاری دەرھێنانی دەكرد، بگرە نەوتیشی بەپیشەسازی دەكرد، چونكە ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت بە 76 دۆلار بێت، ئەگەر بكرێتە پیشەسازی، حكومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر لەو نرخە زیاتر پارەی دەست دەكەوێت.
ئەوەشی خستەڕو، بڕیارە سێ كۆمپانیا دروست بكرێن، كە یەكێكیان ھی بەرھەمھێنان و ئەوەی دیكە ھی پاڵاوگە و ئەوەی تریش ھی گەڕانە بەدوای نەوتدا، ئەوەش ھاوكارێكی باشی بەڕێوەبردنی نەوتی ھەرێم دەبێت و وا دەكات داھاتی ھەرێم زیاد بێت، چونكە لە ماوەی رابردودا بە ھۆی ئەو قەیرانانەی دروست بون، نەكرا، بەڵام ئێستا وا كاری لەسەر دەكرێت، بەوەش ئابوریی ھەرێمی كوردستان زیاتر سەربەخۆ دەبێت.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە