ساڵی ٢٠٣٥ ژاپۆن و بەریتانیا و ئیتاڵیا فڕۆکەیەکی "مەترسیدار" دەبەنە ئاسمان

پەیامی کورد   ...  ساڵی ٢٠٣٥  ژاپۆن و بەریتانیا و ئیتاڵیا فڕۆکەیەکی "مەترسیدار" دەبەنە ئاسمان

ژاپۆن و بەریتانیا و ئیتاڵیا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتنێکی پێشوەختە واژوو دەکەن بۆ ئەوەی بە هاوبەشی فڕۆکەیەکی جەنگی نوێ و پێشکەوتوو پەرە پێ بدەن.

بۆ تۆکیۆ و لەندەن، ئەمە لووتکەی پەیوەندییەکانیان دەبێت لەبواری بەرگریدا، کە لە بەرامبەردا ڕۆڵێکی ئەمنیی زیاتر بە بەریتانیا دەبەخشێت لە ئاسیا و هاوبەشێکی ئەمنی نوێ بۆ ژاپۆن دابیندەکات کە بتوانێت یارمەتی بدات لە بەرەنگاربوونەوەی هێزی سەربازی گەشە سەندووی دراوسێکەی کە چین-ە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز یەکەم کەس بوو لە مانگی تەمموزدا هەوڵێکی بۆ تێکەڵکردنی پڕۆژەی فڕۆکەی جەنگی "تەمپێست" بە سەرۆکایەتی بەریتانیا لەگەڵ پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگی ئێف ئێکسی ژاپۆنی ڕاگەیاند.

ئەمە یەکەم جار دەبێت کە ژاپۆن بە هاوکاری ووڵاتانی دیکە جگە لە ئەمریکا لە پرۆژەیەکی گەورەی بەرگری ئاسمانی تەواو بکات.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم ڕاگەیاندنە پێش ئەوە دێت کە ژاپۆن نیازی وایە ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانی و پلانی کڕینی کەرەستەی سەربازی لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا بڵاوبکاتەوە.

ئەم گەشەدانە سەربازییە کە دەتوانێت بودجەی بەرگری ووڵات دوو هێندە بکات بۆ نزیکەی 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، بریتی دەبێت لە پارەدان بە چەکی نوێ لەنێویاندا مووشەکی دوور مەودا کە بۆ ڕێگریکردن لە چین لە پەنابردنە بەر کردەوەی سەربازی لە دەریای ڕۆژهەڵاتی چین و دەورووبەری.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، دانوستانەکانی نێوان ژاپۆن و بریتانیا و ئیتاڵیا سەبارەت بە فڕۆکە جەنگییە نوێیەکە لە ساڵی داهاتوودا بەردەوامدەبێت.

ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی ئینگلیزی بڵاویکردەوە، ژاپۆن لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ بەریتانیا لە پیشەسازییە سەربازییەکاندا، بەدوای بەرهەمهێنانی فڕۆکەیەکی شەڕکەردایە ساڵی 2035 تەواو دەبێت، کە تایبەتمەندی نائاسایی هەیە، وەک ڕۆژنامەکە بە هاوشێوەی شەڕکەری ناو فیلمەکانی "هۆڵیوود" وەسفیکردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، فڕۆکە جەنگییەکە خاوەنی 5 ماخ-ە (5 هێندەی خێرایی دەنگ)، لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و توانای تێکشکاندنی هەر ئامانجێکی هەیە بێتە رێی، وەک بۆمبی موگناتیسی و درۆنە شەڕکەرە هەرە پێشکەوتووەکان.

پلانەکانی پەرەپێدانی فڕۆکە شەڕکەرەکە نوێنەرایەتی یەکەم بلۆکی هاوکاریی سێ قۆڵی نێوان بەریتانیا و ژاپۆن و ئیتاڵیا دەکات، بەو پێیەی دیزاین دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە پێشکەوتووترین شەڕکەرەکان کە تاوەکوو ئێستا هەن.

فاینانشیاڵ تایمز دەڵێت "ئەم پڕۆژەیە ئیرادەی تۆکیۆ بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی ئەمنیی قووڵتر لەگەڵ کۆمەڵێک هاوپەیماندا بەهێزتر دەکات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری شەڕ لەگەڵ چین لەسەر دوورگەی تایوان".

ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" لە زاری کاتسوتۆچی کاوانۆ، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی بەرگری ژاپۆن، ڕایگەیاندووە کە پڕۆژەکە "تۆڕی ژاپۆن فراوانتر دەکات بۆ درێژبوونەوەی بۆ ئەوروپا، هەروەها بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی ژینگەی ئەمنی ژاپۆن، لەگەڵ ئەگەری کردنی هەناردەکردن”.

کاوانۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پێدەچێت کارکردن لەگەڵ بەریتانیا نەرمییەکی زیاتر بە ژاپۆن بدات بۆ مۆدێرنکردنی شەڕکەرەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکانی ناوچەکە کە لە زیادبووندایە، ئاماژەی بەوەشکرد کە "بێ وێنەیە، بەڵام پێموانییە شکست بهێنێت".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا واژووکردنی ڕێککەوتنەکە دواخرا بەهۆی گێژاوی سیاسی لە حکوومەتی بەریتانیا و گۆڕینی حکوومەت لە ئیتاڵیا و تیرۆرکردنی شینزۆ ئابێ سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە