سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان ڕێوڕه‌سمێكى ماڵئاوایى بۆ كونسوولى ئه‌مریكا ڕێكخست

پەیامی کورد   ...  سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان ڕێوڕه‌سمێكى ماڵئاوایى بۆ كونسوولى ئه‌مریكا ڕێكخست

سێشه‌ممه‌ 2023/8/15 سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتنى ئه‌ركییه‌وه،‌ ڕێوڕه‌سمێكى ماڵئاوایى بۆ ئیرڤن هیكس ‏جوونیه‌ر كونسوولى گشتی ئه‌مریكا ساز كرد.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ موسته‌فا سه‌ید قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان و دیپلۆماتكاران و نوێنه‌رانى ووڵاتان له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، فه‌وزى هه‌ریرى، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان ووته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى ڕۆڵ و ماوه‌ى ئه‌ركى كونسووڵى گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد.

سه‌رۆكى دیوان له‌ ووته‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌ كار و هه‌وڵه‌كانى كونسووڵى گشتی ئه‌مریكا كرد كه‌ وه‌ك دۆستێكى دڵسۆزى گه‌لى كوردستان، به‌رده‌وام كارى جیددى كردووه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌رك و ماندووبوونى به‌ مایه‌ى پێزانینى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

سه‌رۆكى دیوان هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتیگرى و هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ باسى له‌ ڕۆڵى كارا و ئه‌رێنی ئیرڤن هیكس ‏جوونیه‌ر كونسوولى گشتی ئه‌مریكا كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌رك و كارى نوێیدا بۆ خواست.

لاى خۆیه‌وه‌ ئیرڤن هیكس ‏جوونیه‌ر كونسوولى گشتی ئه‌مریكا، سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیری سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕێکخستنى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ بۆ هه‌میشه‌ خۆى به‌ دۆستێكى دڵسۆزى هه‌رێمى كوردستان ده‌زانێت، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگیى یه‌كگرتوویى و یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە