سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى یه‌كیتی ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد    ...   سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى یه‌كیتی ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/3/15 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ڤیلله‌ ڤاریۆلا باڵیۆزى یه‌كێتی ئه‌ورووپا و خاتوو ئان مێسكانه‌ن سه‌رۆكى نێرده‌ى ڕاوێژكاری یه‌كێتی ئه‌ورووپا له‌ عیراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسی عیراق و ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌مى، هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر، هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عیراق، ئاماده‌یى و ڕۆڵ و چالاكی یه‌كێتی ئه‌ورووپا له‌ بواره‌ جیاكاندا له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاریكاری نێوانیان، پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران و مافى مرۆڤ و ئازاد‌ییه‌كان، دۆخى شه‌ڕ له‌ ئۆكراین و كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، تاوتوێ كران.

باڵیۆزى یه‌كێتی ئه‌ورووپا له‌ عیراق پوخته‌یه‌كى له‌ كار و چالاكییه‌كانى یه‌كێتی ئه‌ورووپا و دامه‌زراوه‌كانى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و پلانى داهاتوویان پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له‌ خواستى یه‌كێتی ئه‌ورووپا بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و یارمه‌تیدانیان بۆ به‌هێزكردنى دامه‌زراوه‌كان، به‌ڕێوه‌بردن، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، كه‌رتى وه‌به‌رهێنان و سیستەمى بانكى‌، دووپات كرده‌وه‌.

به‌ڕێز نێرده‌ى ڕاوێژكاریى یه‌كێتی ئه‌ورووپاش هه‌موو ئاماده‌یى و پشتگیرییه‌كى نێرده‌كه‌یانى بۆ پێشكه‌شكردنى هاریكارى و پشتگیرى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان نیشان دا تا له‌ بواره‌ مه‌ده‌نییه‌كاندا یارمه‌تیده‌ر بن و هه‌رێمى كوردستانیش بتوانێت سوودمه‌ند بێت له‌ به‌رنامه‌كانى نێرده‌ى یه‌كێتی ئه‌ورووپا و كاركردنى له‌سه‌ر‌ چاكسازى له‌ كه‌رتى سڤیلدا كه‌ بواره‌كانى تایبه‌ت به‌ تاوانى ڕێكخراو، كۆچى نایاسایى، پاراستنى شوێنه‌واره‌كان، به‌ڕێوه‌بردنى قه‌یرانه‌كان، بابه‌ته‌كانى جێنده‌ر، دادوه‌رى و چه‌ند بوارێكى دیكه‌، ده‌گرێته‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاسى هه‌ڵوێستى یه‌كێتی ئه‌ورووپا و ڕاگه‌یندراوه‌كه‌ى ده‌رباره‌ى هێرشى مووشه‌كی بۆ سه‌ر هه‌ولێر كرد و جه‌ختى له‌ گرنگیى ئاماده‌یى و ڕۆڵى یه‌كێتی ئه‌ورووپا و دامه‌زاروه‌كانى له‌‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانن له‌ بواره‌ جیاكاندا یارمه‌تیده‌ر بن، به‌تایبه‌تى له‌ بواره‌كانى دیموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ و چاكسازى و دادوه‌رى و گه‌لێك بوارى دیكه‌دا كه‌ بۆ ئێستا و داهاتووى عیراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستن.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە