سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى به‌ریتانیا دۆخى عیراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

پەیامی کورد    ...   سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى به‌ریتانیا دۆخى عیراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2022/1/16 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزى به‌ر‌یتانیا له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانى عیراق، گفتوگۆى لایه‌نه‌كان بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌ت، په‌یوه‌ندیه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرینگى و پێویستی سه‌قامگیری سیاسى له‌ عیراق و هه‌بوونى متمانه‌ و تێگه‌یشتنى هاوبه‌شی لایه‌ن و پێكهاته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى سیاسى و ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ ووڵات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرینگی یه‌ك هه‌ڵوێستى و یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا و هیوایان خواست گفتوگۆ و هه‌وڵى هێزه‌ سیاسییه‌كان و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌ش و سه‌قامگیری سیاسى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، باسیان له‌وه‌ش كرد كه‌ دۆستانى عیراق به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ گفتوگۆى لایه‌نه عیراقییه‌كان ده‌ڕوانن.

باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عیراق پابه‌ندی ووڵاته‌كه‌ى به‌ به‌رده‌وامی كاركردن له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و سوپاسى ڕۆڵى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا كرد و به‌رده‌وامی پشتگیری ووڵاته‌كه‌ى بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى.

پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانى ئه‌م دواییه‌ و به‌ئامانجگرتنى باره‌گاى نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان و باره‌گاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌غدا، دۆخى په‌تاى كۆڤید_19، پرسى كۆچ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا به‌ڕێزان و كونسوولى گشتى و ڕاوێژكارى به‌رگرى له‌ كونسولخانه‌ى گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ بوون.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە